ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزەکەی فیلیپیندا گیانیان لەدەستداوە کە بە گوڕی ٦،٩ پلە بە پێوەری ڕێختەر ڕۆژئاوای ناوچەی پالۆمپۆنی وڵاتەکەی هەژاند، گەیشتە ٦١ کەس. بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکی، دوێنێ کاتژمێر ٢١:٥٩ بە کاتی ناوخۆ، بوومەلەرزەیەک لە ڕۆژئاوای ناوچەی پالۆمپۆن و کەنار دەریای پارێزگای سیبو-ی فلیپین ڕوویدا. بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی زی فلیپین دەیلی ئینکوایەر، کە بە پشت بەستن بە زانیاری بەرپرسانی ناوخۆیی ولاتەکە بلاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی ڕوودانی بوومەلەرزەکە لە سەرانسەری وڵاتەکە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە ٦١ کەس. سەرۆکی فلیپین، فێردیناند مارکۆس جەی ئاڕ. لە ڕاگەیاندراوێکدا داوای لە هاووڵاتیانی کرد هۆشیار بن و هاریکاریی بەرپرسانی ناوخۆ بکەن. گوتیشی: “پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئەو خێزانانە دەکەم کە ئازیزانیان لەدەستداوە و نزام لەگەڵ برینداران و هەموو ئەو کەسانەدایە کە زیانیان بەرکەوتووە”.