گۆڕان عەدنان عومەر
لە پاش ڕۆژی ۱٦ی ئۆکتۆبەرى ساڵی ۲۰۱۷، کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان شایەتی تاوانێکی گەورە بوون کە دەکرێت بە جینۆسایدی کوردەکان و کەمینەکانى تر ناوی لێ بنرێت. حەشد الشعبی وەک هێزێکی چەکداری پەیوەست بە ئێران، نەک هەر ئامرازی سەرەکی ئەم کردەوە نامرۆڤانەیە بووە، بەڵکو وەکو هۆکارێکى سەرکوتکردنى هاوڵاتیانى ئەوناوچانەش بووە کە داگیریان کردووە.
لە شاری کرکووک، حەشد الشعبی بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەوڵی لەناوبردنی ناسنامەی کورد و گۆڕینی چەشنی دانیشتوانیی ئەم شارە مێژوویەى داوە. بە هۆی هاتنی ئەم میلیشیایانەوە، هەزاران خێزانی کورد ناچاربوون ماڵ و سامانیان بەجێبهێڵن و بچنە ناوچەکانی ترى شارى کەرکوک و لەسەنتەرى شارەکە دووربخرێنەوە وەکو نەتەوەیەکى زۆرینە بگۆڕدرێن بە نەتەوەیەکى زۆر کەمینە لەبەر ئەوەى بەتەواوى بڵاوەیان پێکردوون بۆ هەندێک گوند و ناوچە تەنها یەک یان دوو ماڵى کوردى لێ بوە لە نێو دانشتوانى ڕەسەنى ئەو ناوچەیەدا بوونەتە کەمینە . ئەم کۆچکردنە پلانی پێشوەختەبووە کە مەبەست لێى بچووکردنەوەى ئامادەبوونی کوردەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و کەمکردنەوەى مۆرکى کووردە ,
حەشد الشعبی کە لە ساڵی ۲۰۱٢ دامەزراوە، بە مەبەست و بیانووی بەرەنگاری داعش، بەڵام لە ڕاستیدا ئامرازێکی دەستی ئێران بووە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی لە عێراق. گرووپە جیاجیاکانی ناو ئەم هێزە وەک کەتائیبی حیزبوڵڵا، سەرایا الخۆرەسانی و سەرایا الأشتار هەموویان بە ڕێکخستنی نهێنی سوپای پاسدارانی ئێران کاردەکەن و فەرمان لە تاران وەردەگرن نەک لە بەغداد.
ئەم گرووپانە لە ناوچە جێناکۆکەکاندا بەهیچ شێوەیەک دان بەیاسادا نانێن ، بەڵکو بە شێوەیەکی سەربەخۆ هەڵسوکەوت دەکەن و کارەکانیان دوورە لە چاودێری نێودەوڵەتی و خودى عێراقیش . لە ناوچەکانی شنگال، مەخموور، بەعشیقە و زوماردا و دووزخورماتوو، ئەم میلیشیایانە هۆکاربوون بۆ ناچارکردنى دانیشتوانى ڕەسەنى ئەو شوێنانە کە کۆچبکەن . بۆ ئەوەی عێراق بتوانێت خۆی لەم باڵندەی مردووەی حەشد الشعبی ڕزگار بکات، دەبێت ئەم دووخاڵە جێبەجێ بکات
یەکەم: نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت فشار بخەنە سەر حکومەتی عێراق بۆ کۆتایهێنان بە هەموو گرووپە میلیشیایەکان و چونە ژێر چەتری یاساییەکانی دەوڵەت.
دووەم: دەبێت دەستى ئێران و میلیشیاکان ببڕدرێت و چیتر ئەو پەیوەندییە نەمێنێت بۆ جوڵە پێکردنى میلیشیاکان بە فیتى ئێران
لەبەر ئەوەى پێموایە, حەشد الشعبی ئەمڕۆ بووەتە گەورەترین مەترسی بۆ یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیری ناوچەکە. ئەم گرووپە میلیشیایانە کە لە پێشدا بە ناوی بەرەنگاری داعش دامەزراون، ئەمڕۆکە بوونەتە داعشێکی نوێ بۆ کوردەکان و هەموو تاکێک کە لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەوەستن.
لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەى هەرگروپ و تاقمێکى تر لە ژێر هەر ناوێکى تردا ئەوەندە بەس نییە کە گروپەکانیان هەڵبوەشێنرێتەوە بەڵکو بە بۆچوونى من دەبێت هەموو ئەندامەکانی دەستگیر بکرێن و دادگای بکرێت لەسەر تاوانەکانیان لە دژی کوردەکان. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت زوو هەنگاو بنێت بۆ کۆتایی هێنان بە کردەوە نەشیاوەکانی ئەم میلیشیایانە، چونکە درەنگ هەنگاونان واتە مۆڵەتدان بە بەردەوامی تاوانەکانیان.