سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە رەشنووسی رێکەوتنی نێوان هەرێم و عێراق، بڕیاریدا لێژنەیەکی باڵا لە پێنج وەزارەتی حکومەتی عێراق پێکبهێنرێت، کە دواتر لیژنەکان راپۆرتی خۆیان رادەستی ئەنجومەنی وەزیران دەکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە ٨ی تەمموزی ٢٠٢٥، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، وەک پابەندبوونێک لە حکومەتەوە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران تاوتوێی دوو رەشنووسەکەی کردووە، کە تایبەتن بە رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نا نەوتی هەرێم و پرسی مووچەی فەرمانبەران و خۆجێی کردنیانەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دەرکردووە، بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران عێراق و وەزیری پلاندانان و ئەندامێتی وەزیرانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و خوێندنی باڵا و داد و تەندروستی، بۆ تاوتوێکردنی ئەو دوو رەشنووسە.
لە راگەیندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، لیژنەکە راسپاردەکانی پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بڕیاری گونجاو بدرێت.
