_
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە قۆناغێکی نوێدا، 35 هەزار پارچەزەویی دیكە بەسەر هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ دابەش دەکرێت.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەویدا، ڕەزامەندیی لەسەر قۆناغێکی نوێی تەرخانکردنی زەوی بۆ هێزە ئەمنییەکان دا.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24ـی ئابی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە چوارچێوەی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە قۆناغێكی نوێدا، ڕەزامەندیی بۆ پێدانی زیاتر لە 15 هەزار پارچەزەوی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و خانەنشینیی پێشمەرگە داوە، ئێستاش وردبینی بۆ ناوی 20 هەزار لە فەرمانبەران و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ کراوە، بڕیاریشە بەمزوانە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، فەرمانی تەرخانكردنی زەوییان بۆ دەربکات.
ئاماژە بەوەش کراوە، “لە پرۆسەی وردبینیدا، هەر فەرمانبەرێکی سوودمەندبوو لە پرۆسەكەدا، مافی وەرگرتنی زەویی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوون لە دادپەروەریی دابەشکردندا.”
دەشڵێت: پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بەردەوامە، وردبینیی بۆ ناوی سەرجەم فەرمانبەران، خانەنشینان و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان تەواو کراون، تا ئێستاش نزیكەی 200 هەزار پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكان لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بوون، پرۆسەكە بەردەوام دەبێت و بە تێکڕاش نزیکەی 480 هەزار پارچەزەوی بەسەر تەواوی فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت.