_
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەواڵێک بڵاوبووەتەوە، گوایە تەرمی نزیکەی 40 کەس لە پزیشکی دادی سلێمانییە کە لە پێکدادانەکانی لالەزاردا کوژراون، بەڵام پزیشکی داد هەواڵەکە رەت دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دکتۆر بەرزان محەممەد، بەرێوەبەری پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانی بە کەناڵ 8ـی راگەیاندووە، “رۆژی 22ـی 8ـی 2025، پێنج تەرم گەیشتنە لای ئێمە و تەواوی تەرمەکان کاری پزیشکی دادوەری بۆ کراوە”
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تەنها یەک تەرم لای ئێمە ماوەتەوە کە کەس سۆراغی نەکردووە و نەناسراوەتەوە. ئەویش تەرمی کەسێکی لالەزارە.
بە وتەی دکتۆر بەرزان محەممەد، “یەکێک لە تەرمەکان لە هێزەکانی کۆماندۆ بوون، تەرمێکی دیکەیان هێزەکانی دژەتیرۆر، کەیسێکیان تەرمی کارمەندی ئۆپەراسیۆن و ئەوی دیکەیان تەرمی کەسێکی لالەزار بوو کە دوێنێ شەممە رادەستی خێزانەکەی کرایەوە.”
وتیشی: پێنجەم کەیس ئەم تەرمەیە کە لامان ماوە و هێشتا نەناسراوەتەوە.