دابان ئیبراهیم عەبدوڵا
پێکهاتە و بنەمای هەردوو دەسەڵاتی زۆنی سەوز و زەرد، بە کوردیەکەی پارتی و یەکێتی، دوو پێکهاتەی جیاوازن، هەریەکەیان لەسەر بنەمای هەیکەلی دەسەڵات و باکگراوندی دەسەڵاتیان مامەڵەو تێگەیشتنیان بۆ هێزە کۆمەڵاتیەکان و چین و تۆژەکانی کۆمەڵگای کوردی هەیە و دەکەن، ئامانجیش لەو هەڵسوکەوتە پاراستن و درێژە پێدانی مانەوەیانە لەدەسەڵات.
پارتی و بنەماڵەی بارزانیی لە سەرەتای دروستبوونیانەوە پێکهاتەی دەسەڵاتەکەیان لەسەر بنەمای خێڵ و عەشیرەتە، کەئەویش لەناو فیدراسیۆنی بارزانە، کەپێی دەڵێن خێڵی بارزان، ئەو فیدراسیۆنەش لە کۆمەڵێک خێڵ و تیرە پێکهاتووە ( گەردی ،شێروانی، دۆڵەمەڕی، نزاری، بەڕۆژی ، مزوری و هەرکی بنەجی). بارزانی عەشیرەت نیە بەڵکو (گوندە)، بەڵام لەبەرئەوەی گوندی بارزان شوێن و مەسکەنی شێخەکانی بارزان بووە، بۆیە ئەو عەشیرەتانە خۆیان لەژێر ئەو ناوە کۆکردۆتەوە. هەر خێلێکیش نەهاتبێتە ناو ئەو فیدراسیۆنە، دژایەتی کراوە تا ئاستی کۆمەڵکوژکردنی سەرانی خێڵ و عەشرەتەکە!
بۆ نمونە کاتێک سەرۆک عەشیرەتەکان تەسلیم نابن، پارتی دەست دەکات بە جێبەجێکردنی پلانی جێگرەوە، راکێشانی ئەندام و کەسە دیارەکانی ئەو عەشیرەتانە، تا دەگاتە دروستکردن و پێکهێنانی سەرۆک و ڕابەری نوێ بۆ ئەو عەشیرەتانە، بۆنموونە ( برادۆستیەکان) کاتێ سەرۆک عەشیرەتی برادۆسیەکان ( کەریم خان و کوڕەکانی)ناچنە ژێر ڕکێفی فیدراسۆنی بارزانیەکان، لەولاوە سەرۆکایەتی عەشیرەتی برادۆستیەکان دەبەخشێتە ( شێخ حسێن شێخ محمد لۆلانی) ئەمە بۆ عەشیرەتی هەرکیش راستە.
کاتێکیش نەیتوانی لەو رێگەیەوە عەشیرەتەکان بخاتە ژێر رکێفی خۆی، ڕێگای پاکتاوکردن و کوشتن و دەرپەڕاندنی ئەو سەرۆک عەشیرەتانە و دەرکردنیان لەزێدی باو باپرانیان پەیرەو دەکات، وەک کوشتنی ( ئەحمەد ئاغای زێباری، محەمەد ئاغای مێرگەسۆری، حسێن ئاغای سورچی ) کە تا ئێستاش بنەماڵەی بارزانی دەستیان سوورە بە خوێنیان و هەموو کوردێک ئەو راستیە دەزانێت.
لە بەرامبەریشدا، یەکێتی پێکهاتەی دەسەڵاتەکەی لەسەربنەمای ( خێزانی و ناوچە)پێک هاتووە کەئەویش هەر چوار خێزانی ( تاڵەبانی و ئیبراهیم ئەحمەد و کۆسرەت رەسوڵ و شێخەکانی بەرزنجە) و گرووپی ناوچەکانی وەک گەرمیان و کەرکوک و سلێمانی و هەندێ گروپی تری ناوچەکانی وەک باڵەکایەتی و پشدەر و شارەزوور لەخۆ دەگرێت. بەپێچەوانەی پارتی ، بونیادو پێکاتەی خێڵ و عەشیرەتەکان تۆکمەترو بەهێز دەکات، بەرژەوەندی بۆ ئەو خێڵ و عەشیرەتانە دروست دەکات، ڤیستڤاڵ و کەرنەڤاڵی خێل و عەشیرەتەکانی لە زۆنی سەوز بۆ ساز دەکات و دەسەڵاتیان پێ دەبەخشێت.
ئامانجی پارتی و یەکێتی لەمە چییە؟
مانەوەو گیان بەبەرداکردنی ئەم دەسەڵاتە، تەنیا بەمانەوەی پێگەی خێڵ و عەشیرەتەکان و ناوچەکان ماوە، بەشی زۆری هێزی چەکداری ئەم دەسەڵاتە ئەگەر پێکهاتەکەی لەسەر بنەمای خێل و عەشیرەتیش نەبێ ، ئەوا بەشی زۆری هێزە چەکدارەکان، یا حزم و دۆستی یەکترن، یا خەڵکی ناوچەیەک و دەڤەرێکن. بۆیە لێرە و لەوێ دەبینین لەکاتی خۆپیشاندان و دروستبوونی هەر پشێوییەکدا، هێزە چەکدارە سەرکوتکەرەکانی جوت بنەماڵە زۆر بێ ڕەحمانە مامەڵە لەگەڵ خۆپشاندەران و ناڕەزایەتییەکان دەکەن، چونکە ئەو هێزانە هێزی دەرەوەی ئەو شارەن و هیچ جۆرە پەیوەندیەکان بەخەڵکی ئەو شارە یا ئەو ناوچەیە نییە.
هەر بۆیە تاکە ئامانجی پارتی و یەکێتی لە هێشتنەوە و خستنەژێرڕکێفی ئەم عەشیرەت و خێڵانە و هاوکاریکردنیان تەنها و تەنها مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان و سەرکوتکردنی ئەو توێژە رۆشنبیر و خوێنەرەیە کە پێی وایە دەبێت کوردستان ببێتە هەرێمێکی دیموکراسی و چی دیکە لە دیوەخانەکانەوە ئەم هەرێمە بەڕێوە نەبرێت، بەڵام تا پارتی و یەکێتی نەڕوخێندرێن، چ لە رێگەی دەنگدان و دیموکراسی و چ لە رێگەی شۆڕشی چەکداری، رۆژ بە رۆژ دۆخی ئەم هەرێمە سێ پارێزگاییە بەرەو خراپتر و خراپتر دەچێت و هاوڵاتیانیشی ناچار بە کۆچی وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەت ئەوروپا دەبن.
