
-
وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، شاندی هاوبەشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکومەت گەیشتوونەتە رێککەوتوون، ئاماژە بەوەشدەکات، خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوە نین چیتر بەمشێوەیە نیگەران بکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئابی 2025، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، “شاندی هاوبەشی یەکێتی و پارتی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکهێنانی حکومەت گەیشتوونەتە رێککەوتن و دابەشکردنی پۆستەکانیش تا ڕادەیەکی زۆر یەکلایی بووەتەوە”.
لەبارەی کۆبوونەوەی هەردوو شاندی پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوەدا، “بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا کۆبوونەوەی دیکە بکرێت و چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی داهاتوودا، پەرلەمانی کوردستان سەرۆکایەتییەکەی هەڵبژێرێت و دەست بە کارەکانی بکات”.
وتەبێژی پارتی باسی لە دۆخی سلێمانی کرد و وتی، “پێویستە ڕێگە نەدرێت ئەو بارودۆخە ببێتە هۆی نیگەرانی خەڵک، خەڵکی سلێمانی شایەنی ئەوە نین چیتر بەم شێوەیە نیگەران بکرێن، داواشدەکەین کە کێشەکان لە رێگەی سیاسی خۆیاندا چارەسەر بکرێن و یاسا سەروەر بێت”.
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم پێش هەڵبژاردنی عێراق باسی لەوەکرد، “ئەگەر سەرۆکایەتی پەرلەمان پێکبهێنرێت، ئەوا پرۆسەکانی دیکە بەپێی کات و ڕێکاری یاسایی خۆیان بەڕێوە دەچن”.
وتیشی، “ئەوەی بەغدا بەرامبەر خەڵکی کوردستان دەیکات، برسیکردنی خەڵک و فشارخستنەسەرە، ئەگەر نا رێککەوتنی باش لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە”.
