ئەمریكا بەرپرسیارێتی هێرشەكانی سەر ڤەنزوێلا و دەستگیركردنی سەرۆكی وڵاتەكەی و هاوسەرەكەی ڕاگەیاند، وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلاش دەڵێت، بەرەنگاریان دەبنەوە. دوای چەند كاتژمێرێك لە هێرشی ئاسمانی سەر كاراكسی پایتەخت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەرپرسیارێتی ئەنجامدانی هێرشەكەی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوە كرد: بە سەركەوتوویی هێرشێكی فراوانمان بۆ سەر ڤەنزوێلا ئەنجام داوە. ترەمپ لە تویتێكیدا لە تۆڕی تویتەر دەستگیركردنی نیكۆڵاس مادۆرۆ سەرۆكی ڤەنزوێلا و هاوسەرەكەی لە ئەنجامی ئەو هێرشەوە و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی ڤەنزوێلاش ئاشكرا كرد. بەپێی هەواڵی ئاژانسە هەواڵییەكانیش، ئۆپراسیۆنی دەستگیركردنەكەی مادۆرۆ لەلایەن هێزەكانی دەلتاوە ئەنجام دراوە كە هێزێكی تایبەتی دەستەبژێری سوپای ئەمریكایە و ئەركە مەترسییدارەكانی لەئەستۆیە. وۆڵ ستریت جۆرناڵیش لە زاری نزیكەكانی حكومەتی ڤەنزوێلاوە بڵاوی كردووە كە دیلسی ڕۆدریگێز جێگری مادۆرۆی سەرۆك سەلامەتەوە و زیاتی بەر نەكەوتووە. لاى خۆشیەوە جێگر وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: مادۆرۆ بۆ سزادانی لەسەر تاوانەكانی دادگایی دەكرێت. تائێستا حكومەتی ڤەنزوێلا دەستگیركرانی سەرۆكی وڵاتەكەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام جێگری سەرۆكی ڤەنزوێلا ڕایگەیاند: شوێنی سەرۆك و جێگرەكەی نازانن. وەزیری بەرگریی ڤەنزوێلاش هێرشەكەی ئەمریكای بە گەورەترین هێرش بۆ سەر وڵاتەكەی ئەژمار كرد و ڕایشیگەیاند: گەلەكەمان یەكگرتووە و بەرەنگاری ئەم دوژمنكارییە دەبێتەوە، نە دانوستان و نە سازش دەكەین و لە كۆتاییشدا سەردەكەوین.
