خوێندراوەتەوە: (589)

ئەمڕۆ هەینی زنجیرەیەك هێرشی درۆنی و مووشەكیی سوپای پاسدارانی ئێران، حیزبەكانی ڕۆهەڵاتی لە كەمپی ئازادیی كۆیە، دۆڵی ئاكۆیان، بەرزاییەكانی باشیكی كردە ئامانج، هەروەها هەورازە نەفتە و بارەگایەكی ئەمنیی لە سنووری هەولێر بەئامانج گیراون. حزبی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە هێرشێكی درۆنیدا بۆ سەر بنكەیەكیان لە بەرزاییەكانی باشیك، دوو پێشمەرگەیان بە ناوەكانی (ئیقباڵ ساڵحی) خەڵكی سەقز و (فەخرەدین مورادی) خەڵكی سنە گیانیان لەدەست داوە و، چوار پێشمەرگەی دیكەش بریندارن. هاوكات بەپێی زانیارییەكانی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دوو بارەگای حیزبی دیموكرات لە كۆیە بەئامانج گیراون و، ژمارەیەك پێشمەرگەی حیزبەكە بریندار بوون. ڕێكخراوی هەنگاو ڕوونیشی كردەوە، كە كەمپی حیزبی دیموكرات لە كۆیە بە 5 درۆن و 2 مووشەك و، دۆڵی ئاكۆیان بە 2 درۆن كراونەتە ئامانج. هاوكات كاتژمێر 2:00ی پاشنیوەڕۆ بارەگایەكی ئەمنی لە هەولێر كرایە ئامانج و موقەدەم عەبدوڵڵا حەمەڕەشید ڕایگەیاند كە دوو ئەندامیان بریندار بوون. ئەمە جگە لە بەئامانجگرتنی هەورازە نەفتە لە سنووری هەولێر، كە هێشتا زانیاریی فەرمی لەبارەی زیانەكانیەوە نییە. لە سەرەتای جەنگی ئەمریكا و قەوارەی زایۆنی بەرامبەر ئێران، هەرێمی كوردستان بە زیاتر 300 درۆن و مووشەك بۆردوومان كراوە، بارەگای حیزبەكانی ڕۆژهەڵاتیان و بنكە و كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر و، چەندین بارەگای پێشمەرگە و شوێنی دیكەی هەرێم بەئامانج گیراون. بەهۆیانەوە ژمارەیەك پێشمەرگەی هێزەكانی ڕۆژهەڵات و ئەندامێكی هێزە ئەمنییەكانی فڕۆكەخانەی هەولێر گیانیان لەدەست داوە، جگە لە چەندین برندار و زیانی ماددیی زۆر، لە كاتێكدا بەرپرسانی هەرێم بە فەرمی بێلایەنییان لەم شەڕەدا ڕاگەیاندووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 2,224 📊 Click Here