عێراق پابەندبوونی خۆی بە ئۆپیك پڵەس دووپات دەكاتەوە و پلانی هەیە بۆ ئەوەی لە ساڵی 2027ـدا بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا. محەممەد ئەلنەججار، نوێنەری عێراق لە ڕێكخراوی ئۆپیك، پابەندبوونی بەغدادی بە هاوكاری لەگەڵ ئۆپیك پڵەس لەپێناو سەقامگیركردنی بازاڕی نەوتی جیهانی و بەدەستهێنانی هاوسەنگیی پێویست لە نێوان دابینكردن و داواكاریی نەوتدا، دووپات كردەوە. ئەلنەججار ڕایگەیاندووە: تواناكاریی بەرهەمهێنانی ئێستای عێراق لە نێوان پێنج ملیۆن و نیو تا شەش ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدایە و نزیكەی 25% ی ئەم بڕە تەرخان كراوە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی. ڕاشیگەیاندووە: لەساڵی 2027ـد عێراق دەتوانێت توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 7 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەدەست بهێنێت. ئەمەش لەڕێگەی وەبەرهێنان و ڕێككەوتنە نوێیەكان، كە یەكێكیان بریتییە لە ڕێككەوتنی سۆمۆ لەگەڵ كۆمپانیای بەریتانیی BP لە كەركووك. ئەم ئامادەییەی عێراق بۆ زیادكردنی ڕێژەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت دوای ئەوە دێت، مانگی ڕابردوو محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق بە فەرمی داوای كرد دووبارە چاو بە بەشی عێراق لە ناو ڕێككەوتنی ئۆپیك پڵەس بخشێنرێتەوە و پشكەكەی زیاد بكرێت.
