پارتێكی دژبەری ئێران لە هەرێمی كوردستان داوا لە دەسەڵاتی هەرێم دەكات لە هەر جوڵەیەكیان بۆ سەر ئێران لە ڕێیان نەوەستن. كەناڵی جەزیرەی قەتەری، لە بابە شێخ حسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێرانەوە بڵاوی كردەوە كە ئەوان تائێستا بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر ئێران هێشتا بڕیاری یەكلاكەرەوەیان نەداوە، بەڵام ئەگەری ئەنجامدانی زۆرە. بابە شێخ حسێنی سكرتێری گشتی سازمانی خەباتی كوردستانی ئێران ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئەمریكا لە ڕێگەی چەند كەناڵێكەوە پەیوەندییان پێوە كردوون، بەڵام پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان پێوە نەكردوون. ئەو وتیشی: ئەمریكییەكان لەبارەی ئەوەی چی لەگەڵ ڕژێمی ئێران بكرێت و بژاردەكان چین. وتیشی: ئێمە چاوەڕێی پاڵپشتی چەك و تەقینەوەی و پێداویستی سەربازیی قورس لە ئەمریكا دەكەین. لەبارەی هەڵوێستی هەرێمی كوردستانیشەوە، سكرتێرەكەی سازمانی خەبات ڕایگەیاندووە: ئێمە ڕێزی سەروەریی هەرێمی كوردستان دەگرین، بەڵام پێویستیشە لەبەردەم ڕێگەی ئێمە نەوەستن. لەلایەكی دیكەوە، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی كوردی ئێرانەوە بڵاوی كردەوە: سەركردە كوردییەكان داوای گرەنتییان لە لایەنی ئەمریكی كردووە. ئەو سەرچاوەیە ڕایشیگەیاند: ئامانجی كۆتایی لایەن و گرووپە كوردییەكان پێكهێنانی ناوچەیەكی خۆبەڕێوەبەریی نیمچە سەربەخۆیە لە چوارچێوەی ئێراندا.
