لەکاتێکدا شەقامەکانی
بەغدا چاوەڕێی ئارامی بون، ڕوداوێکی توندوتیژ هەموانی هەژاند، چوار چەکداری نەناسراو
بەجلوبهرگى مەدەنییەوە، لەئۆپەراسیۆنێکی خێرادا ڕۆژنامەنوسێکی ئەمریکییان (شیلی کیتڵسۆن)
لەشەقامی سەعدون ڕفاند، ئەم ڕفاندنە دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانی خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هێزە ئەمنییەکانی
عێراق (هەواڵگرییو بەرەنگاربونەوەی تیرۆر) لەڕێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە، ئۆتۆمبێلەکەیان
دۆزییهوه، دوای ڕاوەدونانێکی سینەماییو توند، توانییان ڕفێنەران لەنزیک ناوچەی
(حەسوە) گەمارۆ بدەن، لەئەنجامی خێراییو هەوڵی هەڵاتن، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاو یەکێک
لەگومانلێکراوەکان دەستگیرکرا، بەڵام هێشتا چیرۆکەکە کۆتایی نەهاتوە؛ چونکە چارەنوسی
ڕۆژنامەنوسە ئهمریكیهكه نادیارەو گەڕان بەدوای تێوەگلاوانی دیكهى ئەم تاوانەدا
بەردەوامە.
وەزارەتی ناوخۆ
لهپهیامێكى تونددا ڕایگەیاندوە، ڕێگەنادەن میوانە بیانییەکان بکرێنە ئامانج، بەڵام
ئەم ڕوداوە دوبارە تیشکدەخاتەوەسەر مەترسییەکانی سەر کاری ڕۆژنامەگەری لەعێراقو ئەو
ئاڵنگارییە ئەمنییانەی کە بەرۆکی پایتەختهكهیان گرتوە.
هەرچەندە وەزارەتی
ناوخۆ بەفەرمی ناوی هیچ گروپێکی نەهێناوە، بەڵام سەرچاوە ئەمنییەکان ئاماژە بەوەدەکەن،
کەسە دەستگیرکراوەکە پەیوەندیی بەگروپە چەکدارە نافەرمییەکانەوە هەیە، گوماندەکرێت
ڕفاندنەکە پەیوەندیی بەو ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییانەوە هەبێت کە کیتڵسۆن لەسەر چالاکیی
گروپە چەکدارەکانو دەستوەردانە هەرێمییەکان بڵاویکردونەتەوە.
سهرچاوهكان
ئاماژه بهوهدهكهن، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا لەگەڵ حکومەتی عێراق لەپەیوەندی
بەردەوامدایەو سەرچاوە دیپلۆماسییەکان دەڵێن، واشنتۆن فشارێکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی
ئەم کەیسە بەخێرایی چارەسەربکرێت پێشئەوەی کاریگەریی بکاتەسەر پەیوەندییە دوقۆڵییەکانى
واشنتۆنو بهغدا.
سهرچاوه ئهمنیهكان
نهیانشاردوهتهوه، تا ئەم چرکەیەش، شیلی کیتڵسۆن ئازادنەکراوە، هێزە ئەمنییەکانیش
گەمارۆی چەند ناوچەیەکی دیاریکراویانداوە لەسنوری پارێزگای بابلو بەغدا، پێشبینیدەکرێت
لەکاتژمێرەکانی داهاتودا ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردن ئەنجامبدرێت.
زانیارییهكان
دهڵێن، شیلی کیتڵسۆن تەنها ڕۆژنامەنوسێکی ئاسایی نییە، بەڵکو یەکێکە لەو دەنگە بیانییە
کەمایەتییانەی کە ساڵانێکی زۆرە لەقووڵایی ڕوداوەکانی عێراقدا دەژییو کاردەکات، ئەمەش
چەند لایەنێکی گرنگی کارەکانیەتی کە پێدەچێت پەیوەندییان بەڕفاندنەکەیەوە هەبێت:
ڕاپۆرتە جەنجاڵەکان
لەسەر گروپە چەکدارەکان:
کیتڵسۆن بەوە دەناسرێتەوە
کە زۆر بەقووڵی دەچێتە ناو وردەکارییەکانی گرووپە چەکدارەکان (میلیشیاکان) لەعێراق،
ئەو چەندین ڕاپۆرتی لەسەر ململانێی نێوان ئەم گروپانەو دەسەڵاتی دەوڵەت بڵاوکردوەتەوە،
هەروەها تیشکیخستوەتەسەر چۆنێتی کۆنترۆڵکردنی هەندێک ناوچە لەلایەن ئەو گروپانەوە.
کارکردن لەناوچە
مەترسیدارەکان:
ئەو لەنزیکەوە ڕوماڵی
شەڕەکانی دژ بەداعشی کردوەو لەگەڵ هێزە ئەمنییە جیاوازەکاندا (وەک دژەتیرۆرو سوپا)
چوەتە بەرەکانی پێشەوە، ئەمەش وایکردوە زانیاریی زۆری لەسەر جوگرافیای سەربازییو
ئەمنیی عێراق هەبێت.
نوسین لەسەر دەستوەردانی
هەرێمی:
زۆربەی بابەتەکانی
لەپێگەی (ئەلمۆنیتۆر ـ Al-Monitor)
بڵاودەبنەوە، کە تێیدا باسی لەکاریگەریی وڵاتانی دراوسێ (بەتایبەت ئێران) لەسەر سیاسەتو
ئاسایشی ناوخۆی عێراق کردوە، ئەمجۆرە ڕاپۆرتانەش زۆرجار دەبنە هۆی توڕەکردنی ئەو
لایەنانەی کە نایانەوێت ڕاستییەکان ئاشکراببن.
ناسراوی لەناو شەقامی
عێراقیدا:
کیتڵسۆن بەزمانی
عەرەبی قسە دەکاتو پەیوەندییەکی زۆری لەگەڵ چالاکوانانی مەدەنیو ڕۆژنامەنوسانی
ناوخۆیی هەیە، ئەو لەکاتی خۆپیشاندانەکانی تشریندا زۆر چالاکبوو، دەنگی خۆپیشاندەرانی
بەجیهان دەگەیاند، ئەمەش وایکردبوو لای هەندێک لایەنی سیاسیی وەک کەسێکی مەترسیدار
سەیربکرێت.
ڕفاندنی ئەو ڕۆژنامەنووسە
لەمکاتەدا، پەیامێکی ڕونی ئەو گروپانەیە بۆ ترساندنی ڕۆژنامەنوسە بیانییەکانو کەمکردنەوەی
فشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر چالاکییەکانیان.
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
