میدیای ئێران ئاشكرای دەكات لە ئەمریكا گەڕێكی دیكەی دانوستانی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپی بەڕێوە دەچێت. ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویكردووەتەوە، دانوستانی دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی “ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیا” لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانە و بە ئامادەبوونی كایا كالاس، نوێنەری باڵای یەكێتیی ئەورووپا بۆ كاروباری دەرەوە بەڕێوەدەچێت. ئاژانسی تەسنیم ئەوەشی وتووە، دانوستانەكە لە نیویۆركی ئەمریكا و لە پەراوێزی كۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەمڕۆ یان سبەی بەڕێوەدەچێت. میدیای ئێران هەروەها ئەوەشی بڵاوكردووەتەوە عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەرەو نیویۆرك بەڕێكەوتووە و هەوڵ دەدات لەڕێی پەیوەندیی دبلۆماسی و ڕێككەوتنەوە، ڕێگە بگرێت لە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر وڵاتەكەیدا، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگی دا بەوەی مۆڵەتی هەڵگرتنی سزاكانی سەر ئێران نوێ نەكاتەوە و سزاكانی سەر تاران بەردەوام بێت.
