فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا هۆشداری دەداتە سوپای پاسدارانی ئێران بە هێمنی مانۆڕ لە گەرووی هورمز بكات و دەڵێت: چاوپۆشی لە هیچ ڕەفتارێكی نابەرپرسیارانە ناكەین. لە ڕاگەیەنراوێكدا، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمریكا (سێنتكۆم) هانی سوپای پاسداران دەدات مانۆڕە دەریاییەكەی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەكی پارێزراو و پیشەیی ئەنجام بدات و لە هەر مەترسییەكی ناپێویست لەسەر ئازادیی دەریاوانی نێودەوڵەتی دوور بكەوێتەوە. سێنتكۆم دەڵێت: هێزەكانی ئەمریكا دان دەنێت بە مافی ئێران بۆ كاركردن بەشێوەیەكی پیشەیی لە بوارەكانی ئاسمانی و ئاوی نێودەوڵەتی، بەڵام هەر ڕەفتارێكی ناپارێزراو و ناپیشەیی لە نزیك هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانە هەرێمایەتیەكان و كەشتە بازرگانییەكان دەبنە هۆی هۆی زیادكردنی مەترسی پێكدادان و تێكدانی سەقامگیری. سێنتكۆم جەخت دەكاتەوە لەوەی سەلامەتی كارمەندان و كەشتیەكان و فڕۆكەكانی وڵاتەكەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرەنتی دەكات و چاوپۆشی لە هەر ڕەفتارێكی ناپارێزراوی سوپای پاسداران لە مانۆڕەكەی گەرووی هورمز، ناكات. بڕیارە سبەی، ڕۆژی یەكشەممە، مانۆڕی سەربازیی هاوبەشی هێزەكانی ئێران و ڕووسیا و چین لە نزیك گەرووی هورمز دەستپێبكات و دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
