خوێندراوەتەوە: (7.8K)


ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لەبارەی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە دەگوترێت دانپێدانانی بکوژی هیشام هاشمییە؛ رایگەیاند، ئەو گوتانەی لە ڤیدیۆکەدا هەن، لە کاتی لێکۆڵینەوەی فەرمیدا نەگوتراون و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکەش “هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.”

بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە دووشەممە 7-7-2025 لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە ڤیدیۆی تۆمەتباری ئازادکراو (ئەحمەد حەمدانی عوەید) لە دۆسیەی کوشتنی هیشام هاشمیدا بڵاوبووەتەوە و تێیدا قسە لەسەر تاوانەکە دەکات.

ئەنجوومەنی دادوەری دەڵێت، “ئەو تۆمەتبارە پێشتر لەسەر دۆسیەی کوشتنی شەهید هیشام هاشمی لەلایەن لیژنەی فەرمانی دیوانی ژمارە 29، ناسراو بە ‘لیژنەی ئەبو رەغیف’ کە لە سەردەمی حکومەتی پێشوودا پێکهێنرابوو، دەستگیر کرابوو.”

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، ئەو کاتە گوتەی تۆمەتبارەکە لەبەردەم دەستەی لێکۆڵینەوەی دادوەریی تایبەت بە دۆسیەکانی ئەو لیژنەیە وەرگیراوە و تۆمارکراوە، بەڵام “ئەو قسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەیکات، لە گوتە تۆمارکراوەکانیدا لەبەردەم دەستەی لێکۆڵینەوەی دادوەریدا نییە.”

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە بە نایاسایی دەزانێت و دەڵێت: “بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدیۆییە، کە بە روونی دیارە لەلایەن یەکێک لە ئەفسەرانی پۆلیسی لیژنەکەوە بەو شێوەیە تۆمارکراوە، پێشێلکاریی رێکارەکانی لێکۆڵینەوەیە کە یاسا دیاری کردووە و هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی.”

شەوی 6ـی تەممووزی 2020، هیشام هاشمی، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەمنیی عێراقی و گۆشەنووسی تۆڕی میدیایی رووداو لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە بەغدا لەلایەن ژمارەیەک چەکداری دەمامکدارەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. دوای ساڵێک لە کوژرانی، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق دەستگیرکردنی بکوژانی هاشمی راگەیاند.

رۆژی 12-03-2023، مستەفا کازمی لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە خۆپێشاندانەکانی کۆتایی ساڵی 2019ـی عێراق کرد کە 600 گەنجیان تێدا کوژرا و نزیکەی 24 هەزار کەسیش بریندار بوون.

کازمی باسی “تیمی مەرگ”ـی کرد لەنێو دەزگا سەربازی و ئەمنییەکان و گوتی، “بوونیان لەنێو دەزگایەکی دیاریکراو دەقۆستەوە بۆئەوەی کاری کوشتنی چالاکڤانان و تۆقاندنیان بکەن. ئەوان دەستگیرکران و دانیان بە تاوانی گەورەدا نا؛ ئەو کەسەشی کە هیشام هاشمی کوشت، ئەفسەری وەزارەتی ناوخۆ بوو و لەگەڵ یەکێک لە گرووپە چەکدارەکان کاری دەکرد”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 73 Today: 121 📊 Click Here