ڕۆژنامەی “بێڵد”ی ئەڵمانی بڵاوی كردووەتەوە، بەهۆی ترس لە جەنگ، خواست لەسەر دروستكردنی پەناگە لەو وڵاتە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادیكردووە. ڕۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، لەم دواییانەدا خواست لەسەر دروستكردنی پەناگە تۆكمەكان لەلایەن كۆمپانیا گشتی و ئەهلییەكان لە ئەڵمانیا زۆر زیادی كردووە، دەشڵێت: بەهۆی ترس لە جەنگ لە ئەڵمانیا، گەشەیەكی زۆر هەیە لە بواری دروستكردنی سەربازگە بەرگرییەكان و پەناگە پتەوە تایبەتەكان. ڕوونیشی دەكاتەوە، خواست لەسەر ئەم جۆرە موڵكانە بەدیاریكراوی لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیادی كردووە، بەتایبەتی لەلایەن كۆمپانیا ئەهلییەكان و دانیشتووانی باڵەخانەكانەوە. ماریۆ بێیدە، سەرۆكی كۆمپانیایەكی دروستكردنی پەناگە لە سەرانسەری ئەڵمانیا دروست دەكات وتوویەتی: لە مانگی یەكەوە، ژمارەی پرسیارەكان و داواكارییەكان كە لەم بوارەدا وەریان دەگرین، بە ڕێژەی 50% زیادی كردووە، كۆمپانیاكان پەیوەندیمان پێوە دەكەن، چونكە دەیانەوێت پەناگە بۆ كارمەندەكانیان لە بارەگاكانیاندا دابین بكەن. ڕۆژنامەی “بێڵد”ی ئەڵمانی بانگەشەی ئەوە دەكات، شەپۆلی نوێی بایەخدان بە دروستكردنی پەناگەكان پەیوەستە بە ڕووداوی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان لە پۆڵەندا. لە ماوەی ڕابردوودا، پێشێلكارییەكانی ڕووسیا بۆ سەر سنووری ئاسمانیی وڵاتانی ئەوروپا زیادیان كردووە، بەتایبەت پۆڵەندا كە ڕووسیا ژمارەیەك هێرشی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی كردە سەر و لەلایەن ئەو وڵاتەوە خرانە خوارەوە.
