بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی پڕۆسەی چەکدانانی ژمارەیەک گەریلای پەکەکە رایدەگەیێنێت: “چەکدانانی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی هەنگاوێکی مێژووییە بۆ دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە باکووری کوردستان و تورکیا لە رێگەی دیالۆگ و ئاشتییەوە”.
بافڵ تاڵەبانی دەڵێ: “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باوەڕی تەواوی بەوە هەیە کە خوێنڕشتن کێشەکان قوڵتر دەکاتەوە و ئێستا سەردەمی بێدەنگکردنی چەکەکان و چوونە سەر مێزی گفتوگۆیە بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانی هەموو لایەک.”
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێ، لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بەردەوام دەبن، ئاماژە بەوەش دەکات: “شانازیش دەکەین بەوەی کە ئەو بناخە ئاشتییەی یەکەمجار سەرۆک مام جەلال دایڕشت ئەمڕۆ جێبەجێ دەکرێت.”
بافڵ تاڵەبانی راشیگەیاندووە: “هیواخوازین ئەم هەنگاوە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێ لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان لایەنەکان، هەروەها کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بەهێزکردنی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبێت.”
رۆژی هەینی، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە سنووری قەزای دووکان لە پارێزگای سلێمانی، گرووپێک گەریلای پەکەکە وەک “نیازپاکی” بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیادا چەکەکانیان دانا و سووتاندیان.
لە رێوڕەسمەکەدا، 30 گەریلا کە لەنێویاندا بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە و سێ بەرپرسی باڵای دیکە هەبوون، چەکەکانیان سووتاند.
