دادگای تاوانەكانی پارێزگای نەجەف بە تۆمەتی ناردنی هاوڵاتیی عێراقی بۆ ریزەكانی سوپای ڕووسیا بۆ جەنگی ئۆكرانیا، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر كەسێكدا سەپاند. ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕایگەیاند: دادگای نەجەف بە تۆمەتی بازرگانیی بە مرۆڤ”و بەپێی مادەی شەش و سێ و حەوتی یاسای بازرگانیی بە مرۆڤ سزای زیندانییكردنی بەسەر كەسێكدا سەپاندووە كە كاری ناردنی خەڵك بۆ ڕووسیا بووە بە مەبەستی بەشداریی لە جەنگی ئەو وڵاتە و ئۆكرانیا. بەپێی ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری “كەسی سزادراو، لەگەڵ چەند تۆمەتبارێكی دیكە لە بەرانبەر پارەدا خەڵكی كۆ كردووەتەوە و ناردوویەتی بۆ ڕووسیا بە ئامانجی پەیوەندییكردنی ئەو كەسانە بە ڕیزەكانی سوپای ئەو وڵاتە و شەڕكردن لە جەنگی ئۆكرانیادا”. بەپێی ئامارێكی نافەڕمی، لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی ئۆكرانیاوە نزیكەی پێنج هەزار عێراقی لەژێر ناوی گەشتیاریی چوونەتە ڕووسیا و لەوێ پەیوەندییان بە ڕیزەكانی سوپای ئەو وڵاتەوە كردووە، ژمارەیەكیشیان كوژراون. پێشتریش لیژنەی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دانی بەوەدا نا كە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی لەگەڵ سوپای ڕووسیادا بەشداریی جەنگی ئۆكرانیا دەكەن.