دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بە فەرمی دامەزراندنی ئەنجوومەنی ئاشتیی تایبەت بە كەرتی غەززەی راگەیاندو هۆشداریش دەداتە حەماس. لە ڕێوڕەسمێكدا لە شاری داڤۆسی سویسرا و لە پەراوێزی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی، پەیماننامەی دامەزراندنی ئەنجوومەنەكە بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە سەركردە و نوێنەرانی وڵاتانی ئەندام واژۆ كرا. ترەمپ ڕایگەیاند، ئەم ئەنجوومەنە باشترین سەركردەكانی جیهان لەخۆدەگرێت و دەرفەتێكی لەبارە بۆ كۆتاییهێنان بە دەیان ساڵ لە رق و خوێنڕشتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ناوبراو ئاشكرایكرد، 59 وڵات بەشدارن لە پڕۆسەی ئاشتیی ناوچەكە و ئیدارەكەی سەركەوتوو بووە لە كۆتاییهێنان بە 8 جەنگ لە جیهاندا و جەنگێكی دیكەش بەمزووانە كۆتایی دێت. سەبارەت بە دۆخی غەززە، سەرۆكی ئەمریكا جەختی كردەوە، كە ئاگربەستیان بە جێگیری هێشتووەتەوە و ئاشتییەك لە ئارادایە كە كەس باوەڕی نەدەكرد سەر بگرێت. لە كۆتاییدا داوای لە بزووتنەوەی حەماس كرد كۆتا تەرمی ئیسرائیلی بگەڕێننەوە و دەستبەرداری چەكەكانیان بن، ئەگەرنا كۆتاییان دێت. هەروەها ترەمپ بەڵێنی دا كار بۆ دڵنیابوونەوە لە داماڵینی چەكی غەززە، بەڕێوەبردنی دروست و ئاوەدانكردنەوەی كەرتەكە بكات.
