خوێندراوەتەوە: (5.7K)

بەهۆی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر شاری ئۆدیسای ئۆکراینا، لانیکەم پێنج کەس بریندار بوون. ئێستا ئۆکراینییەکان لە ترسی هێرشەکانی رووسیا دەچنە پەناگەکان، بەڵام ئەوەش ناتوانێت بەتەواوی بیانپارێزێت.

ئانا شمیلسکا، هاووڵاتییەکی ئۆکراینییە و دەڵێت، “کاتێک لە ماڵەوەیت و گوێت لە دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە دەبێت، دەچیت سەیری مۆبایلەکەت بکەیت، ژمارەیەکی زۆر ئاگادارکردنەوەی لەسەرە کە دەڵێن، بۆردوومان و مووشەک هەیە. چی دەکەیت؟ دەبێت بچیتە پەناگە، بەڵام هیچ رێگریەک بۆ کاریگەرییە دەرونییەکانی ئەو بۆردوومان و هێرشانە نییە”.

بە گوێرەی بەرپرسانی کیێڤ، تەنیا هەفتەی رابردوود رووسیا بە 114 مووشەک، هەزار و 270 درۆن و زیاتر لە هەزار و 100 تۆپ هێرشیکردووەتە سەر وڵاتەکەیان.

زۆرینەی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر بەرەی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیە.

ئێستا رووسیا 113 هەزار و 535 کیلۆمەتر دووجای خاکی ئۆکراینای کۆنترۆڵکردووە، کە 350 کیلۆمەتر دووجای لە مانگی رابردوو بووە
ئەوە لەکاتێکدایە ئیدارەی واشنتن لە هەوڵی ئاگربەستی نێوانیاندایە، بەڵام ئەنجامی باشیان نەبووە.

رۆژی پێنجشەممە، سێی تەممووزی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا بە تەلەفۆن قسەیان کرد.

سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی پەیوەندییەکە گوتی، “پەیوەندییەکی تەلەفۆنیمان هەبوو و زۆر درێژ بوو. باسی بابەتی زۆرمان کرد. باسی ئۆکراینا و ئێرانمان کرد. دڵخۆش نیم سەبارەت بە جەنگەکە و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە هیچ پێشڤەچوونێکی دروست نەکرد”. 

ئۆکراینەکانیش بەدوای ئاگربەستەوەن، بەڵام تەنیا ئامادەن لەگەڵ کەسی یەکەمی رووسیا کۆببنەوە.

ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینالەبارەی ئاگربەستیان لەگەڵ رووسیا ئاماژە بەوە دەدات، “لە سەرەتاوە پاڵپشتی بیرۆکەی سەرۆک ترەمپمان بۆ ئاگربەستی بێمەرج کردووە. جارێکیان تەنانەت گوتم، ئامادەی کۆبوونەوەم لەگەڵ پووتین کە بڕیاردەری راستەقینەیە”.

هەرچەندە کیێڤ دەڵێت بۆ ئاگربەست ئامادەن، بەڵام لە هێرشەکانیشیان بەردەوامن.

بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، رۆژی پێنجشەممە ئۆکراینا جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی وڵاتەکەیانی لە کورسک کوشتووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 60 Today: 121 📊 Click Here