سەرۆكی ئەمریكا لە میانی زنجیرەیەك نووسین و لێدوانیدا ێكی تووند و پڕ لە وشەی نەشیاوی ئاڕاستەی ئێران كرد و كوردیشی تۆمەتبار كرد بەوەی ئەو چەكانەی وڵاتەكەی بۆ خۆپیشاندەرانی ئێرانی ناردووە لای خۆیان گلیان داوەتەوە. ترەمپ لە هەژماری خۆی لە سۆشیاڵ میدیا نووسیویەتی: ڕۆژی سێشەممە دەبێتە ڕۆژی وێستگەكانی كارەبا و پردەكان، هەموویان لە یەك ڕۆژدا لە ئێران دەكرێنە ئامانج. ئاماژەی بەوەش كردووە كە ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەیكەن هاوشێوەی نابێت و زۆر لەوە گەورەتر دەبێت كە تاران چاوەڕوانی دەكات. هەروەها دەڵێت: گەرووە (نەفرەتییەكە) بكەنەوە ئەی (بێئەقڵە نەفرەتییەكان)، ئەگەرنا لە ناو دۆزەخدا دەژین و تەنیا چاوەڕوان بن. لە لێدوانێكی دیكەیشدا بۆ تۆڕی فۆكس نیوز سەرۆكی ئەمریكا دەڵێت: بڕوام وایە كە تا سبەینێ دەگەینە ڕێككەوتن و لێخۆشبوونیشمان بۆ ئەوانە دەركردووە كە نوێنەرایەتی ئێران دەكەن بۆ دانوستان، ئەگەر نا هەموو شتێك بۆردومان دەكەین، دەست بەسەر نەوتەكەیاندا دەگرن. تڕەمپ دەشڵێت: سەرەتای ئەمساڵ چەكمان لە ڕێی كوردەوە بۆ خۆپیشاندەران نارد، بەڵام كورد چەكەكانیان لای خۆیان هەڵگرتووە. لە نوێترین لێدوانیشیدا بۆ ماڵپەڕی ئەكسیۆس، سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاند: ململانێ لەگەڵ ئێران پێویستە لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا، نەك چەند هەفتەیەك كۆتایی بێت. وتیشی: كۆشنەر و ویتكۆڤ دانوستانی چڕ لەگەڵ ئێرانییەكان ئەنجام دەدەن، لە چەند ڕۆژی كەمی ڕابردووشدا لەگەڵ ئێران لە ئەنجامدانی دانوستانی ڕاستەوخۆ نزیك بووین.
