لە سنووری شارۆچكەی دووبزی سەر بە پارێزگای كەركووك چەند چەكدارێكی نەناسراو جووتیارێكی كورد لەكاتی كاركردن دەڕفێنن و كەسوكارەكەیشی دەڵێن هیچ گرفتێكی كۆمەڵایەتیمان نییە و هێزە ئەمنییەكانیش گومان دەكەن چەكدارەكان داعش بن.
شەوی ڕابردوو، جووتیارێكی كورد بە ناوی ‘ئاری’ لە گوندی گەڵۆزی لە سنووری كەركووك لەسەر زەوییەكەی خۆی سەرقاڵی كاركردن بووە و چەند كەسێك كە چەكدار بوونە بەرەو شوێنێكی نادیار ڕفاندوویانە.
سەرچاوەیەكی ئەمنی لە شارۆچكەی پردێ ڕاگەیاند: ژمارەیەك چەكدار كە لە دوو چەكدار زیاتر بوونە جووتیارەكەیان ڕفاندووە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلەكەی دوور لە شوێنی ڕووداوەكە دۆزراوەتەوە و چەكدارەكان تەنیا سیمكارتی مۆبایلی جووتیارەكەیان بردووە و ئۆتۆمبێلەكەیان جێهێشتووە، و گومان دەكەین چەكدارەكان داعش بن و بۆ پارە كارەكەیان كردبێت.
