بەهۆی دابەزین و کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوی موسڵ، خانووە ژێر ئاوکەوتووەکانی گوندێکی سنوورەکە دەرکەوتنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣ـی تەمموزی ٢٠٢٥، رۆژنامەی سەباح بڵاویکردووەتەوە، دانیشتوانى گوندێکى ناحیەى زومار کە بەهۆی دروستکردنى بەنداوى موسڵ، گوند و زەوییەکانیان لەگەڵ یادگارییەکانیان کەوتبوونە ژێر ئاوی گلدراوەى بەنداوەکەوە، لە ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی بەنداوەکە جارێکی دیکە دەرکەوتوونەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، ئێستا بەهۆی دابەزینى ئاستى ئاوى بەنداوەکە بەشێوەیەکی بەرچاو بۆ یەکەمجار چاویان کەوتەوە بە دیوارە کۆنەکانى قوتابخانەى گوندەکەیان کە چەندین ساڵە ژێرئاوکەوتووە و تائێستاش بەپێوە ماوە کە لە ناوەڕاستى هەشتاکانى سەدەی رابردووەوە چۆڵیان کردووە.
هاوکات بەڕێوەبەرى ئاوی زومار دەڵێت، بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوى بەنداوەکەیان زۆرینەى پرۆژە سەرەکییەکانیان راگیراون.
دەشڵێت، ئەگەر کار بەم شێوەیە بڕوات عێراق رووبەڕووى کەم ئاوییەک دەبێتەوە کە پێشینەى نەبووبێت و هیچ کەسێکیش بیری لێنەکردبێتەوە.