وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بڕیاری دا بە لێخۆشبوون لە کرێی خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی چەمچەماڵ و دەوروبەری. د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەبارەی بڕیارەکەوە رایگەیاندووە، “لەپێناو بەشداریکردن و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵی ئازیز و دەوروبەریدا و بۆ بەدەنگەوە هاتنی قوتابیان و خوێندکارەکانیان لەم کارەساتە سرووشتییەدا” بڕیارەکەیان داوە. بڕیارەکە ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە کە بە پارالێل یان لە خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 – 2026. ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە خوێندکاران بە دیکۆمێنتى یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتوی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتوە بۆ ئەوەى بڕیارى لێخۆشبون لە کرێى خوێندن بیانگرێتەوە.
