ساڵێك بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا تێ پەڕی بەڵام تا ئێستاش سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەڵنەبژێردراون. ساڵێك لەمەوبەر و لە 20 ی تشرینی یەكەمی 2024ـدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، هەر بە ڕأگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكانی هەڵبژاردن دەركەوت كە ساختەكاریی گەورە و ڕێكخراوی تێدا كراوە و دەستێوەردانی هەرێمی و نیێودەوڵەتی بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكەوە دیار بوو. چەند ڕۆژێك دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان، كۆمەڵی دادگەریی كوردستان و سەرجەم هێزەكانی دەرەوەی یەكێتیی و پارتی و نەوەی نوێ ناڕەزاییان لەبارەی ئەنجامەكانەوە دەربڕی و ڕایانگەیاند سكاڵا دەكەن و ساختەكاری كراوە بەڵام دواتر تەنیا كۆمەڵ بەفەرمی ڕایگەیاند، بایكۆتی ئەم خولەی هەڵبژاردن دەكات و ناچێتە ناو پەرلەمانی دیزاینكراوەوە.
هەرچەندە پەرلەمانە دیزاینكراوەكە یەك كۆبوونەوەی كرد و ئەندامەكانی سوێندی یاساییان خوارد و مووچەیان بۆ بەسترا، بەلام سەرۆكی تەمەنی پەرلەمان كە ئەندامێكی نەوەی نوێ بوو دانیشتنی یەكەمی بە كراوەیی بەجێهێشت و لەدوای ئەو دانیشتنەوە پەرلەمان نەیتوانیوە هیچ كۆبوونەوەیەكی دیكە ساز بكات. پەرلەمانی دیزاینكراوی كوردستان نەك نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەڵبستێت كە ڕاسپاردن و پێكهێنانی حكومەتی هەرێمە بەڵكو تەنانەت نەیتوانیوە دەستەی سەرۆكایەتیی خۆیشی هەڵبژێرێت. ساڵی ڕابردوو و چەند ڕۆژێك لەمەوبەریش دووبارە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری داوای كرد هەڵبژاردنی پەرلەمان دووبارە بكرێتەوە و ئەمجارە دووربێت لە ساختەكارو دیزاین و دەستێوەردان.
