عێراقیش پریشكی شەڕەکەی ئێرانى بەرکەوت و وەزارەتى دەرەوەش داوا لە هاوڵاتییانى عێراق دەکات بەوپەڕی وریایی و بەئاگابوون ڕەفتار بكەن و پابەندی ڕێنماییەكانی سەلامەتی بن. فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان لە عێراق بڵاویكردەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ ناوچەی جەرف سەخەر لە پارێزگای بابل ڕووبەڕووی چەندین هێرشی ئاسمانی بووەتەوە و بەهۆیەوە 2 كەس كوژران و 3ی تر برینداربوون. لای خۆیەوە دەستەی حەشدی شەعبی ئاشكرایكرد لایەنە پەیوەندیدارەكان دەستیان كرد بە گرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشە ئاسمانیەكانی جەرف سەخەر و هەڵسەنگاندنی زیانەكان. وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا هەڵوێستی وڵاتەكەی لەبەرامبەر هێرش و جەنگی ئەمجارەی ناوچەكە ڕاگەیاند و بڵاوی كردەوە بە نیگەرانیەوە لە پێشهاتە ئەمنیەكانی هەندێك ناوچە دەڕوانن. وەزارەتی دەرەوە دەڵێت داوا لە عێراقییەكان لەناوچە بارگرژەكان دەكات بەوپەڕی وریایی و بەئاگابوون ڕەفتار بكەن و پابەندی ڕێنماییەكانی سەلامەتی بن و سەرجەم دەستە و نێردە دیپلۆماتیەكان پاڵپشتی پێویست پێشكەشی هاووڵاتیانی عێراق دەكەن.
