پەیام
لە خۆپیشاندانەكانی نیپاڵدا تا ئێستا 30 كەس كوژراون و زیاتر لە هەزار كەس بریندار بوون. هاوكات زۆرینەی وەزیرەكان هەڵاتوون و بەشێكیشیان كەوتوونەتە دەستی خۆپیشاندەران.
دوای قەدەغەكردنی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەلایەن حكومەتەوە دەیان هەزار خۆپیشاندەری نیپاڵی ڕژانە سەر شەقامەكان و خۆپشاندان و گردبوونەوەكان توندوتیژیان بە خۆوە بینی، وەزارەتی تەندروستیی نیپاڵ ڕایگەیاند، تا ئێستا 30 كەس كوژراون و هەزار و 33 كەسیش بریندار بوون. ئەمەش وەك خوێناویترین خۆپیشاندان لەو وڵاتە هەژمار دەكرێت.
لە چەند شاریك و پایتەختی نیپاڵ، خۆپیشاندەران هەڵیان كوتایە سەر زیندانەكان و ئاگریان لە باڵەخانەی كارگێڕیی زیندان بەردا و دەرگای زیندانیان كردەوە، بەپێی ئامارەكان تا ئێستا زیاتر لە 15 هەزار زیندانیكراو و حوكمدراو لە 25 زیندانی وڵاتەكە هەڵاتوون، لە یەكێك زیندانەكانی چاكسازیش پۆلیس تەقەی لە زیندانە هەڵاتووەكان كرد و لەئەنجامدا پێنجیان كوژران.
گرتە ڤیدیۆییەكان دەریدەخەن، خۆپیشاندەران ماڵی سەرۆكی حكومەتیان سووتاندووە و گەنجان چوونەتە ناو ماڵی وەزیرەكانەوە، دۆخەكە گەیشتووەتە ئاستێك زۆرینەی وەزیرەكانی وڵات بە هەلیكۆپتەری سەربازی هەڵدێن. باڵەخانەی پەرلەمان و ماڵی بەشێك لە وەزیرەكان و سەرۆكوەزیرانی پێشووی وڵات ئاگری تێ بەر درا.
بەپێی میدیاكان سوپای نیپاڵ دەستێوەردانی كردووە و لەگەڵ ڕێبەری خۆپیشاندانەكان كۆبووەتەوە بۆ ئەوەی سەركردایەتییەكی ڕاگوزەر بۆ قۆناغەكە دیاری بكەن و دیار نیە دەرەنجامی ناڕەزایەتییەكان دەگاتە كوێ. بەشێك لە خۆپیشاندەرانیش داوایان كردووە، سوشیلا كاركی، سەرۆكی پێشووی دادگای باڵا وەك سەرۆكوەزیرانی كاتی دیاری بكرێت، ناوبراویش ڕەزامەندیی خۆی لەسەر ئەو پێشنیازە دەربڕیوە.
