لەم ساڵانەی دواییدا گۆڕانکارییەکی گەورە و
مەترسیدار لە شێوازی فێڵە داراییەکاندا هاتۆتە ئاراوە کە تێیدا تاوانبارانی
ئەلیکترۆنی چیتر تەنها پەنا نابەنە بەر دزینی زانیارییەکان بە نهێنی، بەڵکو پەنا
دەبەنە بەر فێڵکردن لە خودی بەکارهێنەران، بۆ ئەوەی بە ویستی خۆیان پارەکانیان
بگوازنەوە.
ئەم جۆرە لە ساختەکاریە کە بە “پارەدانی
ڕێگەپێدراو” ناسراوە لە ئێستادا بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و
قوربانییەکان بڕە پارەیەکی زۆر بە دەستی خۆیان ڕادەستی گروپە نادیارەکان دەکەن.
ڕێکخراوە تاوانکارییەکان ناسنامەی ساختە و
دروستکراو بەکاردەهێنن بۆ بە ئامانجگرتنی
ئەکاونتەکان لەسەر پلاتفۆرمی بانکی و دامەزراوەکانی قەرزدان. ئەوان سوود لە
کەلێنەكان وەردەگرن و زۆرێک لەم هێرشانە
ئامانجیان کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ئەکاونتەکانە لە ڕێگەی بەکارهێنانی زانیارییە
دزراوەکانەوە کە لە ڕێگەی بەرنامەی زیانبەخشەوە بەدەستیان هێناوە,
گەورەترین مەترسی، لەسەر ئاستی “دارایی کەسی”
بریتییە لە لەدەستدانی تەواوی سەرمایە چونکە لە فێڵەکانی پارەدانی ڕێگەپێدراودا، بەکارهێنەر بە
ویستی خۆی پارەکە دەگوازێتەوە و ئەمەش وادەکات بانکەکان زۆرجار بەرپرسیارێتی
نەگرنە ئەستۆ و قوربانییەکە بە تەنیا بمێنێتەوە؟ هەروەها دزینی ناسنامە دەبێتە هۆی
تێکچوونی ئاستی متمانەی دارایی تاکەکان کە ڕەنگە ببێتە ڕێگر لەبەردەم وەرگرتنی
قەرز و مامەڵە داراییەکان لە داهاتوودا و بارگرانییەکی دەروونی و کاتی زۆر بۆ
چاککردنەوەی زیانەکان دروست دەکات.
سەبارەت بە مەترسییەكانی سەر بانکەکان، ئەم دیاردەیە
دەبێتە هۆی دروستبوونی قەیرانی متمانە لە نێوان کڕیار و بانکدا و وادەکات خەڵک
دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان و پەنا بەرنە بەر
مامەڵەی نەختینە کە ئەمەش پرۆسەی گەشەی ئابووری خاو دەکاتەوە.
هەروەها ڕێکارە ئەمنییەکان لەڕێگەی سیستەمەوە لەلایەن بانكەكانەوە توندتر دەکرێن و پرۆسەی
گواستنەوەی پارە و مامەڵەکان کاتێکی زیاتر دەخایەنن چونکە بانکەکان ناچارن چەندین
ئاستی پشتڕاستکردنەوە دابنێن بۆ دڵنیابوونەوە لە ڕاستی ناسنامەکان ئەمەش وادەکات
ئاسانکارییە دیجیتاڵییەکان کەمێک ئاڵۆزتر ببن بەڵام لە پێناو پاراستنی داتا و
دارایی بەکارهێنەران ئەمە دەبێتە کارێکی حەتمی و پێویست بۆ هەموو لایەک.
وەبەرهێنانی بانكەكان لەم جۆرە سیستەمانەدا تەنها
خەرجییەکی زیادە نییە بەڵکو زەرورەتێکی ئەمنییە بۆ پاراستنی ناوبانگی بانک و پارەی
کڕیاران چونکە پلاتفۆرم و سیستەمی تایبەتەوە ڕێگە دەدەن بانکەکان بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی و
خێرا هەر جوڵەیەکی گوماناوی بناسنەوە و پێش ئەوەی زیانەکە ڕووبدات ڕێگری لێ بکەن
ئەم تێچووە زۆرە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو زیانە داراییە گەورانەی
کە بەهۆی ساختەکارییەوە ڕوودەدەن و متمانەی هاوڵاتیان بە سیستەمی بانکی دیجیتاڵی
بەهێزتر دەکات.
حکومەت ڕۆڵێکی بنچینەیی و ستراتیژییان هەیە لە
پاراستنی “ئاسایشی دارایی ئەلیکترۆنی” لەسەر ئاستی وڵات و دەبێت وەک
چەترێکی پارێزەر بۆ تاک و دامەزراوەکان کار بکەن. یەکەم هەنگاوی
گرنگ ئەوەیە کە یاساکان لەگەڵ خێرایی گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بگونجێن و هیچ
کەلێنێک بۆ هاکەرەکان نەمێنێتەوە تاوەکو سوودی لێ وەرگرن.
هەروەها ئەرکی حکومەتەکانە کە “ئەنجومەنێكی
باڵای ئاسایشی ئەلیکترۆنی” دابمەزرێنن کە ئەرکی سەرەکییان هەماهەنگی بێت لە
نێوان بانکەکان و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری دەربارەی
شێوازە نوێیەکانی ساختەکاری و ناسینەوەی ناسنامە دروستکراوەکان پێش ئەوەی زیانی
گەورە بە ئابووری وڵات بگەیەنن
لە لایەکی ترەوە حکومەت دەتوانێت فشار بخاتە سەر
بانکەکان بۆ ئەوەی پابەند بن بە بەرزترین ستانداردە جیهانییەکانی پاراستن و
وەبەرهێنانی زیاتر لە ژێرخانی دیجیتاڵیدا بکەن. هاوکات پێویستە حکومەتەکان کەمپەینی نیشتمانی بۆ هۆشیارکردنەوەی گشتی
ئەنجام بدەن تاوەکو هاوڵاتیان فێری شێوازی پاراستنی زانیارییە کەسییەکانیان بن و
بزانن چۆن مامەڵە لەگەڵ نامە و پەیوەندییە گوماناوییەکاندا دەکەن چونکە ئاسایشی
ئەلیکترۆنی تەنها ئەرکی بانک نییە بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە لە نێوان
دەسەڵاتی سیاسی و کەرتی دارایی و کۆمەڵگەدا
لەكۆتایدا ، ساختەکارییە بانکییەکان گۆڕاون بۆ
شێوازی فێڵکردن لە خودی بەکارهێنەر تا بە دەستی خۆی پارە بگوازێتەوە بەڵام هۆشیاری
بەکارهێنەر هێڵی یەکەمی بەرگرییە و پێویستە هاوڵاتیان لەوە تێبگەن کە هەرگیز کلیک
لەسەر هیچ بەستەرێک نەکەن لە ئیمەیڵ یان نامەی کورتدا کە داوای ڕێوشوێنی بەپەلە
دەکات و هەمیشە ماڵپەڕی فەرمی یان ئەپی مۆبایلی بانکەکە بەکاربهێنن
هەروەها پێویستە گومان لە هەر پەیامێک بکرێت کە
داوای زانیاری هەستیار دەکات لە دەرەوەی پرۆسەی چوونەژوورەوەی پارێزراو و لە کاتی
هەر گومانێک یان کەوتنە ناو تەڵەی ساختەکارییەوە دەبێت دەستبەجێ دامەزراوە
داراییەکان ئاگادار بکرێنەوە بۆ بەستنی ئەکاونتەکان و دەستپێکردنی ڕێوشوێنی یاسایی
پێویست بۆ ڕێگریکردن لە زیانی زیاتر.
د.پیرۆت محمد امین
پسپۆڕی : دارایی گشتی
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
