محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، جەخت لە گرنگیی ستراتیژیی پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” دەكاتەوە و دەڵێت: دەبێت كارەكان لەگەڵ پسپۆڕان و كۆمپانیا ڕاوێژكارییەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ تەواوكردنی. بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران، سودانی لە میانەی سەرپەرشتیكردنی كۆبوونەوەی لیژنەی باڵای پڕۆژەكەدا، ڕێنمایی دا كە باشترین پلانی بەكارخستن هەڵبژێردرێت و بژاردەكان یەكلا بكرێنەوە كارەكان چڕ بكرێنەوە. لە كۆبوونەوەكەدا كە بە ئامادەبوونی وەزیرانی گواستنەوە و پیشەسازی و نوێنەرانی كۆمپانیا ڕاوێژكارییەكانی “كەی بی ئاڕ” و “ئۆلیڤەر وایمن” بەڕێوە چوو، گفتوگۆ لەسەر وردبینی و كاتەكانی تەواوكردنی دیزاینی هێڵی ئاسنین و ڕێگەی وشكانی و تێچووەكانیان كرا. هەروەها پلانی بەكارخستنی پڕۆژەكە كە لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە پێشكەش كرابوو، تاوتوێ كرا و سەرۆك وەزیران داوای كرد پوختەیەكی تەواو بۆ كۆبوونەوەی داهاتوو ئامادە بكرێت و باشترین پلان بۆ جێبەجێكردن دیاری بكرێت.
