فوئاد سدیق
لە ناو دڵی فەلسەفەی دەسەڵاتدا، هەر پۆست و پایەیەک، بەتایبەت ئەوانەی لە لووتکەی هەرەمی دەوڵەتدان، تەنیا کورسی و نووسینگەیەکی ڕازاوە نین. ئەوانە کۆکەرەوەی یادەوەریی نەتەوەیەک، گەنجینەی ئازار و قوربانییەکانی مێژوو و ئاوێنەی شکۆ و کەرامەتی گەلێکن. سەرۆکایەتی، لە جەوهەردا، ئەو ساتەوەختە کیمیاییەیە کە تێیدا چەمکی نامەحسووسی دەوڵەت و نەتەوە لە جەستەی مرۆڤێکدا خۆی نمایشدەکات.
بۆ کورد، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تەنیا پۆستێکی سیادی نییە؛ بەڵکوو لووتکەی ئەو هێماو سیمبولەیە کە لەسەر بنچینەی پڕ لە خوێن و فرمێسک و ئێسک و پروسک بونیاد نراوە. باڵای ئەم پۆستە، بە ئەندازەی قووڵایی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و بەرزیی دووکەڵی ئەنفالەکانە. هەر جوولەیەکی ئەم پۆستە، دەبێت ڕەنگدانەوەی ناڵەی دایکە جەرگسووتاوەکان و ئاواتە لەگۆڕنراوەکانی هەزاران گەنجی ئەم نیشتمانە بێت. ئەمە ئەو تەختەیە کە پایەکانی لەسەر کێل و گڵکۆی شەهیدان ڕاگیراوە و تاجەکەی بە فرمێسکی سەدان هەزار ئاوارە و دەربەدەر نەخشێنراوە. ئەم پۆستە، پاداشتی مێژوو نییە، بەڵکو دانپێدانانێکی خوێناوییە بەو تراژیدیایەی بەسەر ئەم گەلەدا هاتووە.
کەواتە، چۆن دەکرێت شتێکی هێندە پیرۆز، هێندە قورس و خوێناوی، ببێتە بابەتی موزایەدەیەکی سیاسیی هەرزان و کەرەستەی گاڵتەجاڕی و نوکتەی نێو کۆڕ و مەجلیسەکان؟ تراژیدیای پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراقی دوای مام جەلال، بەتایبەت بۆ کورد، تەنها شکستێکی سیاسی نەبوو، بەڵکو کارەساتێکی فەلسەفییە لەسەر بابەتی نوێنەرایەتی. چۆن دەبێت ئەو شکۆمەندییەی لە خوێنی شەهیدان هەڵقوڵاوەو رەنگی گرتووە، لە بازاڕی سیاسیدا هەڕاج بکرێت و ببێتە سێبەرێکی بێ جەستە کە لەسەر شانۆی سیاسەت دەخولێتەوە؟
ئەمە تەنیا کێشەیەکی سیاسی نییە، بەڵکوو قەیرانێکی ئەخلاقی و وجودییە. کاتێک سیمبولە هەرە گەورەکانی نەتەوەیەک لە ناوەڕۆکە پیرۆزەکەیان دادەماڵرێن، ئێمە شایەتحاڵی مەرگی واتاکانین. ئەو وەسفانەی وەک(خەوی ئەبەدی) یان(پرخەی ناو ئەشکەوتە قەڵەباڵغەکەی بەغدا)، تەنها نوکتەی سیاسی نین، بەڵکو گوزارشتێکی فەلسەفیی وردن لە غیابی ئاگایی. سەرۆکێک کە ئامادەیی هزری و سیاسی نەبێت، لەڕاستیدا هیچ بوونی نییە، با هەر کورسییەکەی داگیر کردبێت. ئەمە قەیرانی بوونی بەتاڵ ە؛ بوونێک کە لە ماناو لە بەهاكان داماڵراوە. کاتێکیش دەگەینە بۆنەیەك بەتایبەت ئەو بۆنەیە بۆنی خوێنی لێ بێت ، بۆنی 5000 مردووی لێبێت، بۆنی كیمیاو ئێسك و پرووسكی مردوان هەموو جیهانی تەنیبێت، دیمەنی سەکۆی لەرزۆک و چاوەڕوانیی پڕ لە شەرمی ئامادەبووان بۆ کەتنێک، لەو چركەساتەدا هەموو كورد دەكەوێتە بەردەم مەرگی لۆگۆس (ئەقڵ و گوتار)داین. زمان ئاوێنەی بیرکردنەوەیە؛ سەرۆك كۆمارێك کە توانای داڕشتنی ڕستەیەکی ڕێکی نەبێت، ئاوێنەی ئەقڵێکی شێواوەو ،ئەقڵێکی شێواویش هەرگیز ناتوانێت نوێنەرایەتیی ژیریی ئەو نەتەوەیە بکات کە لەسەر کێوی ئێسک و پروسک ڕاوەستاوە.
بەڵام پرسیارە ترسناکەکە لێرەدایە: بۆچی پارتی و یەكێتی (بەتایبەت یەكێتی چونكە ئەو پۆستە لەسەر ئەو حیساب كراوە) بە ئەنقەست ناشیرینترین وێنەی خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی لە گرنگترین چوارچێوەی سیاسییدا هەڵیبواسێت؟ وەڵامەکە لە قووڵایی لۆژیکێکی سارد و کوشندەی حیزبدایە. سیستەمێک کە لەناوەوە کلۆر بووبێت،ژەنگ لێیدابێت، لە توانا و لێهاتوویی دەترسێت. کەسایەتیی بەهێز، ئاوێنەیەکی ڕوونە کە ناشیرینییەکانی ناو ماڵی حیزبەکەش نیشاندەدات. بۆیە سیستەمەکە بۆ پاراستنی خۆی، پێویستی بە بوونەوەرێکی پەڕپووت و بێ ئیرادەیە تا نەتوانێت ببێتە هەڕەشە. بەمشێوەیە، حیزب دەگاتە قۆناغی خۆکوژیی هێمایی؛ قوربانیکردنی نەتەوە لەسەر قوربانگای مانەوەی چەند سەرکردەیەک.
ئەم پووچەڵگەراییە لە عەرشی بیرکردنەوەوە دادەبەزێتە سەر خاکی واقیع و پۆشاکی خیانەت لەبەر دەکات. ئاخر کاتێک وەزیرێک سکاڵای یاسایی لەسەر خەرجییە زیادەکانی سەرۆک كۆمارەكەی تۆمار دەکات؛ ئەمە شەپازلـلەیەکی توندە لە شکۆی ئەو تەختەی کە بە خوێنی شەهیدان بەرز كراوەتەوە.
لێرەدایە هەموو ئەو دەرکەوتانە لە یەک خاڵی تاریکدا یەکدەگرنەوەو دەگەنە لووتکەی کارەساتەکە، ئەویش خیانەتی نیشتمانییە. ئاخر ئەوەتا کەشتیی پێوەندییەکانی نێوان کورد و بەغدا لە لێواری نقوومبووندایە، پێویستە هەموو چاوەکان لەسەر ئەو کاپتنە بن كە سەرۆك كۆمارە بۆ ئەوەی کەشتییەکە لەم هەموو زریانە ڕزگار بکات، كەچی ئەو خەریکی ژماردنی سکە زێڕینەکانی خۆیەتی!. شوانێک کە لە کاتی هێرشی گورگدا، پێستی مەڕەکانی بە گورگەکان بفرۆشێت، چیتر ناوی شوان نییە. ئەمە مەرگی ویژدانە لە بەرزترین کورسیی شکۆدا.
كەواتە پێویستە پارتی و یەکێتی، وەک دوو هێزی سەرەکیی خاوەن ئەم مێژووە، بگەڕێنەوە بۆ بنەما فەلسەفییەکەی ئەم پۆستە و لە خۆیان بپرسن: ئایا ئێمە پاسەوانی ئەو ئەمانەتە خوێناوییەین، یان میراتگری پۆستێکی بێ گیانین؟ ئایا کاتێک چاومان لەو کورسییەیە، کێوی ئێسک و پروسکی ژێر پێی خۆمان دەبینین، یان تەنیا ئارەزووی سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکەماندا دەكەین؟
چارەسەر لە تێپەڕاندنی ئەم کیمیا ژەهراوییەی حیزبدایە، لە گەڕانەوەی ئیرادەی گشتییە بۆ خاوەنە ڕەسەنەکەی. تاکە ڕێگە بۆ بەدیهێنانی ئەم ئیرادەیە، گەڕانەوەی مافی هەڵبژاردنە بۆ گەل. پێویستە مۆری شەرعییەت لە ژوورە تاریکەکانی حیزبەوە بگوازرێتەوە بۆ سندووقی دەنگدانی جەماوەر. با گەلی کوردستان خۆی لە پرۆسەیەکی دیموکراسیدا، پاڵێوراوی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری هەڵبژێرێت، وەک ئەوەی لە سیستەمی سیاسیی بۆسنە و هەرزەگۆڤین بوونی هەیە، کە لەسەر بنەمای پێکهاتەی نەتەوەیی دامەزراوە، هەر یەک لە نەتەوەکانی (بۆشناک، سڕب، کروات) بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نوێنەری خۆیان هەڵدەبژێرن. ئەمە وا دەکات نوێنەرەکە، بەرپرسیارێتیی ڕاستەوخۆی لەبەرامبەر ئەو گەلەدا هەبێت کە هەڵیبژاردووە، نەک لەبەرامبەر چەند سەرکردەیەکی حیزبیدا.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کە کورد چیتر ڕێگە نەدات شکۆی نەتەوەییەکەی ببێتە گاڵتەجاڕی. دەبێت ئەو تەختە، ببێتەوە بە مینبەری وتاری گەلێک کە لە قووڵایی تراژیدیاوە هەستاوەتەوە، نەک شانۆی کۆمیدیایەکی سیاسی کە بینەرانی پێی پێبکەنن. گەل خۆی دەتوانێت ئەو قاڵبە شکاوە فڕێ بدات و لە ئاگری ئیرادەی خۆیدا، قاڵبێکی نوێ لە شکۆ و ژیری و توانایی دابڕێژێت. چونکە هەر گەلێک خۆی بتوانێت کەسێک بەرز بکاتەوە بۆ لووتکە، هەر ئەو گەلەش دەسەڵاتی ئەوەی هەیە بیهێنێتە خوارەوە. ئەمەیە لۆژیکی ڕاستەقینەی دیموکراسی و تاکە ڕێگەی ڕزگاربوون لەم بازنە پووچە
