
-
سەنتەری میترۆ داوایەک ئاڕاستەی پارتە سیاسییەکان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات و داوایان لێدەکات، “میدیاکان نەكەنە سەكۆیەك بۆ گوتاری رق و كینە”.
ئەمڕۆ دووشەممە 25ی ئابی 2025، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، “سەنتەری میترۆ داوا لە هەموو قەوارە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات بە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و هەموو ئەوانەی پەرۆشن بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستان، میدیا نەكەنە سەكۆیەك بۆ گوتاری رق و كینە، ناوزڕاندن، هاندانی توندوتیژی و دووبەرەكی، كە دەبنە هەڕەشە بۆ ئاشتی كۆمەڵایەتی و قەوارەی سیاسی هەرێم”.
ئاماژە بەوەکراوە، “داوا لە پارتە سیاسییەكان دەكەین، دەزگاكانی ڕاگەیاندنیان، پابەندبكەن بە بەرزترین ستانداردەكانی پیشەیی بوونی ڕۆژنامەگەری، راستی و وردبینی و هاوسەنگی و بابەتیانە هەواڵ داڕێژن و بڵاویبكەنەوە، رێگربن لەوەی میدیای رەسمی و سێبەرەكان، نەكرێتە سەكۆیەك بۆ سووكایەتیكردن و تۆمەت بەخشینەوەو درۆ و قسەی رقاوی وێرانكەر كە تەنها بە زیانی ئاشتی كۆمەڵایەتی كۆتایی دێت”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، “هۆشداریی ئێمە لە مەترسییەكانی هەڵكشانی میدیای نابەرپرسانەیە كە برەو بە روحی ناوچەگەری و درێژەدان بە هەڵمەتی میدیایی قۆناغی سەردەمی شەڕی براكوژییە”.
سەنتەری میترۆ دەڵێت، “بەشێك لە میدیاكان بوون بە سووتەمەنی بۆ ناكۆكی و دروستكردنی ژینگەی گرژی و بێمتمانەیی لە نێو هاوڵاتیان، ئێمە نیشانەكانی ئەم مەترسییە دەبینین كە هەڕەشە لە ئاسایشی كۆمەڵگاكەمان دەكات و خەڵك لە پرسە ڕاستەقینە و گرنگەكانیان سەرقاڵ دەكات”.
دەشڵێت، “وەبیرهێنانەوەی ئێمە لە بەرپرسیارێتی هەموو سەركردە سیاسی و حزبەكانە، بەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی خۆیان بیردەخەینەوە بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو گوتارەی كە لەلایەنگران و دەزگاكانی ڕاگەیاندنیانەوە سەرچاوەی گرتووە، لەبری شەڕی میدیایی، پەنا بۆ بنەمای عەقڵ و لۆژیك بەرن، هاوڵاتیان دەپرسن چارنوسی كوردستان بەرەو كوێ دەبەن ؟ كوا بەرژەوەندی باڵای خەڵكی كوردستان كە دەڵێن لەسەروو هەموو بەرژەوەندییەكەوەیە؟ كە مافی مووچە وەرگرتینان لێبَڕاوە، سەقامگیرییان پێببەخشن، بهێڵن دەرونیان ئارام بێت”.
ئەوەشخراوەتەڕوو، “ئایندەی هەرێمی كوردستان، بەرپرسیارێتییەكی دەستەجەمعییە. با گوێ لە دەنگی عەقڵ و لۆژیكی بگرین، بۆ ئەوەی لێبوردەیی نەبێت بەڕابردوو و توندوتیژیش شۆڕنەبێتەوە بۆ كۆڵان بە كۆڵانی ئەم هەرێمە زامدارە، تكایە خەڵكی كوردستان شایەنی ئەم ریسكە سیاسییە نییە، تكایە چاودێری میدیاكانتان بكەن، بزانن چۆن بەشێکیان كراون بە سەنگەری شەڕی ناوخۆ”.
