وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێـت، تۆمەتبارێکی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییەکەیان دەستگیر کردووە و بەم زووانەش ڕۆژنامەنووسەکە دەدۆزنەوە. وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە داوە، لە ئەنجامی بەدواداچوون و ڕاوەدوونان، هێزەکان توانییان ئۆتۆمبێلێکی ڕفێنەرانی ڕۆژنامەنووسە بیانییەکە گەمارۆ بدەن. لە کاتی هەوڵی هەڵاتندا، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕا و هێزە ئەمنییەکان توانییان یەکێک لە تۆمەتباران دەستگیر بکەن و ئۆتۆمبێلەکەش دەستبەسەر بکەن. وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبارانی دیکە و ڕزگارکردنی ڕۆژنامەنووسەکە بەردەوامن. وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەکاتەوە ڕێگە بە هیچ هەوڵێک نادەن بۆ تێکدانی ئاسایش یان بەئامانجگرتنی میوانە بیانییەکان. لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی تەواوی ڕووداوەکە بەردەوامن و ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر بەشداربووان دەگیرێتەبەر. هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕأگەیەنراوێکدا جەحتی کردەوە، ئیدارەی سەرۆکی ترەمپ هیچ کارێکی لەپێشینەی نییە کە گرنگتر و باڵاتر بێت لە پرستنی سەلامەت و ئاسایش ئەمریکییەکان “. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە: لە نزیکەوە و بەچڕی چاودێریی دۆخەکە دەکەین و لەئێستادا هیچ هەڵوێستێک نییە کە ڕای بگەیەنین. جێی باسە دوێنێ لە شەقامى سەعدون لە ناوەڕاستى بەغداد ژنە ڕۆژنامەنووسێکى بیانى لەلایەن چەند کەسێکى نەناسراوەوە ڕفێندرا، ئەو ڕۆژنامەنووسە هەڵگرى ڕەگەزنامەى ئەمریکیە و چەند ساڵێکە لە وڵاتى ئیتاڵیا دەژى و لەگەڵ ئاژانسی هەواڵى ئیتاڵیا و وەک ڕۆژنامەنووسێکى سەربەخۆ لەچەندین ڕۆژنامە و ماڵپەڕ لەوانە ئەلمۆنیتۆر کاردەکات.
