خوێندراوەتەوە: (783)

عێراق دەست بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ پێشکەشکردنى سکاڵا دژى بۆردومانکردنى بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکە دەکات. سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: حکومەتی فیدراڵ دەستی بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا دژی ئەو لایەنانەی لە پشت بۆردومانکردنی بارەگاکانی حەشدی شەعبی و دامەزراوە ئەمنییەکانی ترەوەن کردووە. هادی عامریش، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر، لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ئەنجوومەنى نوێنەران و ‏حکومەتى فیدراڵ کرد، هەڵوێستی جدییان لەبەرانبەر هێرشەکانی ‏ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی هەبێت، بەتایبەت کە ئامارەکان ئاماژە بە زیاتر لە ٦٠ کوژراو و ١٠٠ بریندار دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، زولفەقار حەیدەر قائیمقامی قەزای دووزخورماتوو ڕایگەیاند: یەکێک لە بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە دەوروبەری قەزاکە، کە “کەمپی شەهیدان” ە و بارەگای یەکێک لە لیواکانی حەشدە، کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی بەرکەوتووە، وتیشى: خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە. بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە بۆردومانکردنی بارەگایەکی حەشدی شەعبی لە ڕۆژهەڵاتی مووسڵ کەسێک کوژراوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون، لەبەرانبەریشدا حکومەت جەخت لەوە دەکاتەوە لە ڕێگەی کەناڵە یاساییەکانەوە سزای ئەنجامدەرانی ئەم هێرشانە دەدات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 78 Today: 749 📊 Click Here