بەهۆی گرژییەكانەوە، عێراق هەناردەی نەوتی لە گەرووی هورمز ڕاگرتووە و هەوڵی كاراكردنەوەی هێڵی كەركووك-جەیهان دەدات، هاوكات ساڵانە بڕێكی زۆر سووتەمەنی لە دەرەوە دەكڕێت. وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی جەزیرە ڕایگەیاند، بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان و ڕووداوەكانی ناوچەكە، هەناردەكردنی نەوتی وڵاتەكە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە بە تەواوی وەستاوە. ئاماژەی بەوەی شكردووە كە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، وەزارەتەكە خەریكی دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوەیە و ئێستا تیمەكان لە كاركردن بەردەوامن بۆ نۆژەنكردنەوە و ئامادەكردنەوەی بۆری نەوتی نێوان كەركووك و بەندەری جەیهانی توركی. لەلایەكی دیكەوە، كۆمپانیای “سۆمۆ” ئاماری هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی بۆ ساڵی 2025 بڵاو كردەوە، بەپێی ئامارەكە، عێراق لەو ساڵەدا 2 ملیۆن و 117 هەزار و 448 تۆن سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتیەكانی هاوردە كردووە. بەجۆرێك كە بەنزین ملیۆنێك و 523 هەزار و 195 تۆن و گاز 594 هەزار و 286 تۆن بووە و زۆرینەی بەرهەمەكانیان پێكهێناوە. ئەمە و عێراق هەرچەندە بە دووەم گەورەترین هەناردەكاری نەوت لە ڕێكخراوی ئۆپێك دادەنرێت، بەڵام بەهۆی كەمی و كۆنی پاڵاوگەكان، هێشتا بۆ دابینكردنی پێداویستی ناوخۆ پشت بە هاوردەكردن دەبەستێت.
