خوێندراوەتەوە: (1.3K)

دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق ئەو نووسراوەی ھەڵوەشاندەوە کە قەدەغەی کردبوو زێڕ و مۆبایل لە ڕێگای فڕۆکەخانەکانی ھەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە. بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق، بە میدیا عێراقییهكانی ڕاگەیاندووە کە، بەیانی ئەمڕۆ ئەو نووسراوەی کە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراقی ئاراستەی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی کردبوو، لەبارەی قەدەغەکردنی ھاوردەکردن و گواستنەوەی زێڕ و مۆبایل لە ڕێگەی ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی، ھەڵوەشایەوە و کاری پێ ناکرێت”. ئاماژەی بەوەشکردووە کە بڕیاری ھەڵوەشانەوەکە ئەمڕۆ بۆ سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیی و ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی دەنێردرێت. پێشتر بڕیارەکە لەسەر ئەو بنەمایە دەرچوو بوو کە، ئۆفیسێکی دەزگای پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی نەبوو بۆ ئەوەی پشکنین بۆ ئەو بابەتانە بکات. ھاوکات وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، عەبدولزەھرە ھینداوی ڕایگەیاندووە کە دەبێت ھاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، بەسرە، نەجەف و کەرکووک، ئۆفیسی دەزگای پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆریی فیدراڵی لە ھەردوو فڕۆکەخانەی ھەولێر و سلێمانی بکرێتەوە”. بەپێی زانیارییەکان دوێنێ چوارشەممە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی ئاگادار کردەوە کە نابێت زێڕ و مۆبایل لە ڕێگای فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بگوازنەوە. لە نووسراوەکەدا ئەوە ھاتبوو کە، نابێت زێڕ، مۆبایل و سەرجەم ئامێرەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری لە ڕێگای گواستنەوەی ئاسمانی و کارگۆوە بۆ ھەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر و سلێمانی بگوازرێنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 184 Today: 541 📊 Click Here