كەمال محەمەد وەزیری سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند، ئەو 50 هەزار بەرمیلە نەوتەی بۆ ناوخۆی هەرێم دابینكراوە و کەمە و بەشمان ناكات و پێداویستییەکانمان پڕناکاتەوە. ڕاشیگەیاند، لەچوارچێوەی ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت باس لەوەكراوە، كە ئەگەر بڕی 50 هەزار بەرمیل نەوت، بەشی پێداویستی ڕۆژانەی هەرێمی كوردستانی نەكرد، ئەوا حكومەتی فیدراڵ قەرەبووی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە و سووتەمەنی دابین دەكات، بەڵام تا ئێستا ئەوەی نەكردووە. وەزیری سامانە سرووشتییەكان ئاماژەی بەوەش كرد، لەو بڕە نەوتەی كە بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی گل دەدرێتەوە، ڕۆژانە یەك ملیۆن و 500 هەزار لیتر بەنزین بەرهەمدەهێنرێت كە بە نرخی پاڵپشتیكراو بە (750 دینار) بەسەر بەنزینخانەكانی دابەش دەكەین، بەڵام ئەو بڕە لە پێداویستیی ناوخۆیی كەمترە، هەر بۆیە نۆرەی دوورودرێژی بەنزینخانەكانی لێ دەكەوێتەوە.
