خوێندراوەتەوە: (13)

لێدانی کوشندە… پێشبڕکێی ئیسرائیل بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی ئێران

مەودای جووڵە لە هەموو کاتێک زیاتر فراوان بووە
المجلة (04-03-2026)
وەرگێڕان: د.حلمى رەسوڵ ڕەزا
ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان پێ دەنێنە پێنجەم ڕۆژی گەورەترین هەڵمەتی سەربازییەوە کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە خۆیەوە بینیبێت لە دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣وە. ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشە و بە ئاشکرا ڕایدەگەیەنێت کە ئامانجەکەی هەڵوەشاندنەوەی تواناکانی سوپای ئێران و ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامییە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٦دا، ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی “شێری سەردانیکەر”ی (Visiting Lion) دەستپێکرد، لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئۆپەراسیۆنی “توڕەیی داستاناوی”ی (Epic Fury) ڕاگەیاند؛ ئەمەش لە چوارچێوەی لێدانە هەماهەنگکراوەکاندا کە بوونە هۆی کوژرانی “ڕێبەری باڵا” ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی و لادانی ڕیزی یەکەمی سەرکردایەتی سەربازیی ئێران، جگە لە بە ئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، پێگەکانی موشەکی بالیستی و ژێرخانە دەریاییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە لوتکەی ڕێڕەوێکی ستراتیژییە کە ماوەی دوو ساڵی خایاند، کاتێک ئیسرائیل لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئێرانی تێکشکاند و لە کاتی “شەڕی دوازدە ڕۆژە” لە حوزەیرانی ٢٠٢٥دا خێرایی هێرشەکانی زیاتر کرد. ئەم وەرچەرخانە ڕیشەییەی سیاسەت لە “خۆگرتن و گەمارۆدان”ی درێژخایەنەوە بۆ “ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ”، پشت بەو هەڵسەنگاندنە دەبەستێت کە ڕژێمی ئێران گەیشتووەتە لاوازترین دۆخی خۆی لە چەندین دەیەی ڕابردوودا، و تۆڕی بریکارەکانی (وەکیلەکانی) لەناوچووە، و ئێستا مەودای جووڵە لە هەموو کاتێک زیاتر فراوان بووە.
لە شەڕی سێبەرەوە بەرەو سەرکەوتنی تەواوەتی
گرژییە یەک لەدوای یەکەکان وای لە ئیسرائیل کرد کە لەو بیرۆکە سەربازییەی پێش حەوتی ئۆکتۆبەر دوور بکەوێتەوە کە بە “شەڕی نێوان شەڕەکان” (بە عیبری: مابام) دەناسرێ، و ڕوو لە ستراتیژییەک بکات کە ئامانجی بردنەوەی خودی شەڕەکەیە. شێوازی پێشوو پشتێنەی “خۆگرتن” بوو کە هەوڵی لاوازکردنی نەیارەکانی دەدا لە ڕێگەی لێدانی سنووردار و دووبارەبووەوە، بەو مەرجەی نەگاتە ئاستی شەڕێکی گشتگیر. فەلسەفەی ئەم کارە پاراستنی ناوچەکە بوو لە تەقینەوەیەکی گەورە، ئەویش لە ڕێگەی تێکدانی تواناکانی ئێران بە شێوەیەکی پلەبەندی. بەڵام لە دوای حەوتی ئۆکتۆبەرەوە، سەرکردایەتی ئیسرائیل زیاتر مەیلی بەرەو گرتنەبەری شێوازی “سەرکەوتنی تەواوەتی” هەبووە.
ئەم وەرچەرخانە لەناکاو نەبوو، بەڵکو هەڵە پۆلێنکردن و حیساباتی ئێرانیش دەوری تێدا بینی. لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵدا، کۆڵەکەکانی ڕێگریی (deterrence) ئێران یەک لەدوای یەک داڕمان. “حیزبوڵڵا” کۆڵەکەی سەرەکیی سیستەمی بەرگریی پێشەوەی تاران بوو، کە پێش حەوتی ئۆکتۆبەر بە ١٥٠ هەزار موشەک و گولەهاوەن دەخەمڵێنرا. دەیان ساڵ وەبەرهێنانی ئێران لەم قۆڵە لوبنانییەدا هاوکێشەیەکی ڕێگریی دروست کردبوو کە دەیگوت: هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئێران بە بارانێکی موشەکی وەڵام دەدرێتەوە کە بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیل هیلاک دەکات و بنکە ئاسمانییەکانیان دەخاتە مەترسییەوە.
بەڵام بڕیارە بەردەوامەکانی تاران بۆ چوونە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل، قەناعەتێکی لای تەلئەبیب دروست کرد کە چیتر بابەتەکە تەنها سنووردارکردنی ئێران نییە، بەڵکو لاوازکردنی خودی کۆماری ئیسلامییە. لە ساڵی ٢٠٢٤دا و لە زنجیرەیەک ڕووبەڕووبوونەوەدا، بەبێ ویستی تاران، باڵادەستیی ئیسرائیل دەرکەوت. بۆ نموونە لە نیسانی ٢٠٢٤دا، ئیسرائیل سیستەمێکی بەرگریی ڕووسی لە نزیک ئەسفەهان و لە نزیک پێگەیەکی ئەتۆمی پێکاو؛ هەرچەندە زیانە ماددییەکە کەم بوو، بەڵام نامەکە ڕوون بوو: ئیسرائیل دەتوانێت بگاتە قووڵایی ئێران و گرێکوێرە هەستیارەکانی بەرگریی تێکبشکێنێت.
لە بەرامبەردا، ئێران سەدان موشەک و درۆنی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، بەڵام نەبووە هۆی دەستکەوتێکی یەکلاکەرەوە لەسەر زەوی. بەهۆی نەبوونی هێزی پشتیوانیی “حیزبوڵڵا” لە ساتە وەختە یەکلاکەرەوەکاندا، موشەکەکانی ئێران تەنها برینداریی و زیانی کەمیان لە بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل دا و نەیانتوانی لە کار پەکایان بخەن. ئەم شکستییە کێشێکی ستراتیژی هەبوو؛ چونکە نیشانی دا کە هێزی ئاسمانی ئیسرائیل دەتوانێت بەردەوام بێت لە شەڕ تەنانەت ئەگەر هێرشە موشەکییەکانی ئێرانیش زیاد بکەن. لەو ساتەوە، ئەگەری سەرکەوتنی سەربازیی ئیسرائیل بەسەر ئێراندا تەنها تیۆری نەما، بەڵکو بوو بە ئەگەرێکی کردەیی.
یەکلاکردنەوە یان برینداریی کوشندە
هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٦دا، دەرەنجامی ڕاستەوخۆی داڕمانی هێزی ڕێگریی ئێرانە کە بەهۆی سیاستەکانی خودی تارانەوە دروست بووە. تەنانەت بە بەراورد لەگەڵ “شەڕی دوازدە ڕۆژە”ی ساڵی ڕابردوو، دیمەنە ستراتیژییەکە ئەوەندە گۆڕاوە کە ناسینەوەی ئەستەمە.
بۆ ئیسرائیل، ئامانجی ئەمڕۆ ڕوونە: یان کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی یان گەیاندنی زیانێکی هەمیشەیی و چاکنەکراوە پێی.
ئامانجەکانی ئیسرائیل بە شێوەیەکی بەرچاو گەشەیان کردووە؛ هێرشی دەستپێک لەم خولەدا سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی ئێرانی نەکردە ئامانج (کە پێشتر کاراییان زۆر کەم ببووەوە)، بەڵکو لێدانێکی کوشندە بوو بۆ سەری ڕژێمەکە. هێرشە ئاسمانییەکان گەیشتنە گەڕەکی “پاستور”، کە یەکێکە لە قاییمترین گەڕەکەکانی تاران، و “ڕێبەری باڵا” عەلی خامنەیی و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵا ئەمنییەکانیان کردە ئامانج. سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باس لە کوژرانی نزیکەی ٣٠ بەرپرس و سەرکردەی ئێرانی دەکەن، لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ڕاوکردن لە قۆناغەکانی دواتردا.
لە قۆناغی دواتردا، هەڵمەتەکە تەرکیزی خستە سەر دۆزینەوەی کۆگاکانی موشەکی بالیستی و سەکۆ گەڕۆکەکان، لە پێشبڕکێیەکدا بۆ تێکشکاندنیان پێش ئەوەی بشاردرێنەوە یان بتەقێنرێن. هاوتەریب لەگەڵ ئەمەدا، ئیسرائیل مەودای بەئامانجگرتنی ژێرخانی ڕژێمەکەی فراوانتر کرد. لە ماوەی چەند ڕۆژێکی یەک لەدوای یەکدا، کۆڵەکەکانی دەزگای ئەمنی ناوخۆیی لێدران، لەوانە ناوەندی سەرکردایەتی “بەسیج”، بارەگای پۆلیسی تارانی گەورە، و ئەو ناوەندە هەرێمییانەی کە ڕژێم لێیانەوە سەرکوتکارییەکانی بەڕێوە دەبرد. ئەمە وای کرد هێزە ئەمنییەکان شوێنە جێگیرەکانیان چۆڵ بکەن، کە ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونی پشێوییە لە کارەکاندا.
ڕژێم، لە ڕێگەی بڵاوەپێکردنی هێزەکانی، گرەو لەسەر مانەوەی توانای سەرکوتکردنی هەر ناڕەزایەتییەک دەکات کە لە کاتی هەڵمەتەکە یان دوای ئەوە سەرهەڵبدات. بەڵام فراوانبوونی ئەو ناڕەزایەتییانە گرەوی سەرەکییە لە حیساباتی ترەمپ و نەتانیاهۆدا. هەرچەندە ئەستەمە خۆپێشاندانی جەماوەریی فراوان لە ژێر بۆردومانی بەردەوامدا ڕووبدات، بەڵام ئەو ناڕەزایەتییە پچڕپچڕانەی دەرکەوتوون، لەوانە دیمەنی ئاهەنگگێڕانی هەندێک ئێرانی بەهۆی کوژرانی خامنەیی، نیشانەی قووڵایی ئەو توڕەییەیە کە ڕەنگە تەنها بە شەڕ دانەمرکێتەوە.
هەروەها ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئەنقەست ناوچە دوورەدەستەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی کەمینەکان دەکەنە ئامانج؛ ئەو ناوچانەی کە چاوەڕوان دەکرێت ڕژێم لە قۆناغێکی زوودا کۆنتڕۆڵیان لەدەست بدات و تێچووی سیاسی گێڕانەوەیان زۆر بێت. ناوچەکانی خاوەن زۆرینەی کوردی، ئازەری و عەرەبی لە ڕابردوودا مەڵبەندی گرژی بوون، و گرووپە چەکدارەکانی ئەو ناوچانە ڕەنگە ئەم پشێوییە بە دەرفەت بزانن بۆ جووڵە. مەترسی ئەوەی ئێران بکەوێتە دۆخی لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ لەسەر ئاستی درێژخایەن هەر ماوە، بەڵام شێوازی مامەڵەی نەتانیاهۆ لە سووریا نیشانی دەدات کە ئەو ئامادەیە بەرگەی ئەم جۆرە مەترسییانە بگرێت.
ئەی دوای ئەوە چی؟
ئیسرائیل باش دەزانێت کە فاکتەری کات فشارێکی زۆری لەسەر دروست دەکات؛ چونکە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، بەتایبەتی بەئامانجگرتنی دامەزراوەکانی وزە و هەوڵدان بۆ داخستنی گەرووی هورمز (کە یەکێکە لە گرنگترین ڕێڕەوە زیندووەکانی ئابووری جیهان)، وا دەخوازێت کە ئەم ئۆپەراسیۆنە بۆ ماوەیەکی نادیار درێژە نەکێشێت.
سەرباری کارایی بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتانی کەنداو و توانای لێدانە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە پەکخستنی بەشێکی زۆری کۆگای موشەکە بالیستییەکانی ئێران، بەڵام تاران هێشتا خاوەنی بڕێکی زۆر لە “درۆنی خۆکوژ”ە. بۆ دابینکردنی دەرفەتێکی کاتی کە ڕێگە بدات بە هەڵوەشاندنەوەی ڕاستەقینەی پێکهاتەی ڕژێم، پێویستە واشنطن و تەلئەبیب توانای ئێران لە هەڵدانی موشەک و درۆن لە کورتخایەندا پووچەڵ بکەنەوە. ئەزموونەکانی ڕابردوو دژی حوسییەکانی یەمەن نیشانیان داوە کە ڕاگرتنی هێرشی درۆنەکان ئەرکێکی زۆر ئاڵۆزە. لەگەڵ ئەوەشدا، قەبارە و جۆری ئەو توانایانەی ئیسرائیل و ئەمریکا لەم هەڵمەتەدا بەکاری دەهێنن بێوێنەیە. سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە بە ئاستی کەمبوونەوەی هەڵدانی درۆنەکان دەپێورێت، بەڵام وەستانی تەواوەتی هێرشەکان وەک ئەگەرێکی لاواز دەمێنێتەوە، تەنانەت لەو چوار هەفتەیەی کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ وەک کات بۆی دیاری کردووە.
بۆ ئیسرائیل، پێشبڕکێکە بۆ گەیاندنی “برینێکی کوشندە” بە کۆماری ئیسلامی چڕبووەتەوە، پێش ئەوەی هاوکێشەکان بگۆڕێن یان فشارە سیاسییەکان ببنە ڕێگر لە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان. هەر کەسێک لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنی ململانێی ئێران و ئیسرائیلی کردبێت، بەم ڕێڕەوە سەرسام نابێت.
حیساباتی ئیسرائیل دوای “شەڕی دوازدە ڕۆژە”ی ساڵی ڕابردوو ڕوون بوو؛ ئەو شەڕە هاوسەنگییە ستراتیژییەکەی دووبارە ڕێکخستەوە و باڵادەستیی ئیسرائیلی چەسپاند. بەڵام نەتانیاهۆ درکی بەوە کرد کە ئەم باڵادەستییە بێ هەبوونی ئیرادەی سیاسی و هێزی سەربازیی بەردەوام نامێنێتەوە.

ئیسرائیل لە ڕێگەی گرتنەبەری بیرۆکەی “سەرکەوتنی تەواوەتی” لە هەڵمەتی ئێستایدا، گرەو لەسەر سەرکێشییەکی گەورە دەکات کە دەرەنجامی چاوەڕوانکراوی زۆرە، ئەویش جێگیرکردنی ئەنجامەکانی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە و گۆڕینیەتی بۆ واقیعێکی درێژخایەن.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 127 Today: 1,995 📊 Click Here