دوای ئەوەی سەرۆكی كۆڵۆمبیا پاڵپشتیكردنی وڵاتەكەی بۆ گەلی فەڵەستین و بەتایبەت دانیشتووانی كەرتی غەززە دەربڕی، ئەمریكا ڤیزای سەرۆكی ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە نووسینێكیدا لە تۆڕی ئێكس، هەڵوەشاندنەوەی ڤیزای گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیای ئاشكرا كرد و پاساوی ئەو هەنگاوەیشی بە ڕەفتاری “هاندان و هەڵەشانە”ی سەرۆكی ئەو وڵاتە هێناوەتەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەڵێ: سەرۆكی كۆڵۆمبیا سەربازانی ئەمریكی بۆ یاخیبوون و بەكارهێنانی توندوتیژی هان داوە. ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا دوای ئەوە دێت، دوێنێ، هەینی سەرۆكی كۆڵۆمبیا بەشداری یەكێك لە خۆپیشاندانەكانی شاری نیویۆركی ئەمریكاى كرد و پشتیوانی خۆی و وڵاتەكەی بۆ فەڵەستین ڕاگەیاند، دواتریش داوای لە خۆپیشاندەران كرد هەمان هەڵوێستیان هەبێت. لەمیانی خۆپیشاندانەكەدا سەرۆكی كۆڵۆمبیا ئەوەی لە غەززە ڕوو دەدات بەهەموو مانایەك كۆمەڵكوژییە و ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە گەلی فەڵەستینی. لە وتارەكەشیدا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، گوستاڤۆ پێترۆ سەرۆكی كۆڵۆمبیا سەركۆنەی كۆمەڵكوژییەكانی قەوارەی زایۆنی كرد و داوای كرد هێزی هەموو ئەو وڵاتانە دژی كۆمەڵكوژی كەرتی غەززەن كۆ بكرێتەوە بۆ ئەوەی كۆمەڵكوژی كۆتایی بێت و فەڵەستین ئازاد بكرێت.
