خوێندراوەتەوە: (7.0K)

-

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە 21ی ئابی 2025، هێزێکی زۆری ئەمنیی لە شاری سلێمانی بڵاوەی پێکرا و سەرچاوەیەک لە بەرەی گەل بەی راگەیاند، “بڕیاری دەستگیرکردن بۆ لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل دەرچووە”.

هەر ئێوارەی دوێنێ هێزێکی زۆری ئەمنی برایە دەوروبەری هۆتێل لالەزار لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی، هەروەها جگە لە لاهور شێخ جەنگی بڕیاری دەستگیرکردن بۆ هەریەک لە پۆڵاد شێخ جەنگی و رێبواری حامی حاجی غالی دەرچوو.

دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 22ی ئابی 2025، رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هێزەکانی لالەزار و هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی روویدا و دەنگی تەقەیەکی زۆر بیسترا و دوو کەڵ ئاسمانی شاری سلێمانی داپۆشی، دواتر بەیانی ئەمڕۆ میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل و پۆڵاد شێخ جەنگی و ئاسۆ شێخ جەنگی و چەند کەسێکی دیکەی ئەندامانی خێزانەکەیانی راگەیاند.

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی بەرەی گەل لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی لە کەناڵی ئاڤا لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنەکەی رایگەیاند، “بەفەرمی ئاگادار نەکراومەتەوە کە بڕیاری دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە، لە رێگەی میدیاکانەوە زانیم فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەرچووە”.

ئاماژەی بەوەکرد، “بافڵ تاڵەبانی بە چ حەقێک مافی ئەوەی هەیە فەرمانی دەستگیرکردنم بۆ دەربکات”.

لاهور شێخ جەنگی وتی، “هێزێکی زۆر هێنراوەتە دەوروبەری ماڵەکەم، ئەمەی دەکرێت قابیلی قبووڵ نییە، تەعەدا لە هیچ کەس قبووڵ ناکەین”.

وتی، “هەر کاتێک بڕیاری دەستگیرکردنم بە فەرمی بۆ هات بڕیار دەدەم بچمە بەردەم دادگا یان نا، هەروەها کەس ناتوانێت من دەستگیربکات، کەی بڕیارم دا ئەوکاتە دەچمە بەردەم دادگا”.

پەیامێکی ئاڕاستەی خەڵکی سلێمانی کرد و ئاماژەی بەوەدا، “داوا لە خەڵکی سلێمانی دەکەم ئارام بگرن، لەبەر خاتری خەڵکی بەشەرەفی سلێمانی ماومەتەوە”.

وتیشی، “لەم وڵاتە وای لێهاتووە هێزی چەکدار نەبێت، کەس حساب بۆ ناکات، دەستدرێژیمان بکرێتەسەر کارەساتی گەورە روودەدات، میلیشیا بە میلیشیا وەڵام دەدەینەوە”.

لەبارەی بڕیاری دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگییەوە، حاکم سەڵاح حەسەن، وتەبێژی دادگای سلێمانی بە میدیاکانی راگەیاند، “لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیركردن بۆ لاهور شێخ جەنگی دەرچووە، بەپێی مادەی 56 كە تایبەتە بە (كۆمەڵێك كەس یەكبگرن بۆ تێكدانی ئەمن و ئاسایش)”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 157 Today: 1,707 📊 Click Here