زیرەک کەمال
٢١ ساڵ لەمەوبەر ئەمریکا لەوپەڕی دونیاوە هات و دەسەڵاتە ئاگر و ئاسنەکەی سەدام حسێنی لەناوبرد و لە کونەمشکێکدا دەریان هێنا و راپێچی دادگایان کرد و دواتریش کرا بە پەتی سێدارەوە و باجی تاوانەکانی دا کە کوشتنی سەدان هەزار هاوڵاتیی و ژن و پیاو و گەنج و پیری ئەم نیشتمانە بوو بە کورد و عەرەبی سوننە و شیعەشەوە.
دوای رووخانی سەدام ئاهێک هاتەوە بە بەری خەڵکدا، وتیان دوای چەندین ساڵ نەهامەتی ئێستا نۆرەی ئەوەیە کەمێک بحەسێینەوە، بەڵام هەر زوو ئێران کەوتە جموجۆڵ و ناردنی میلیشیا چەکدارەکانی بۆ ناو عێراق، ئاخر ئەو قبوڵی نەدەکرد عێراق بکەوێتەوە و سەر پێی خۆی، بەڵکوو دەیویست تا هەتایە عێراق بخاتە ژێر رکێفی خۆیەوە و لەڕێگەی میلیشیاکانیەوە حکومداریی وڵاتەکە بکات.
میلیشیاکان دەستیان کرد بە شەڕکردن و بیانوویان ئەوە بوو کە دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق وەدەر بنێن، رۆژ نەبوو هەواڵی تەقینەوە لە سەرجەم شارەکانی ئەم وڵاتە نەبیستین، رۆژانە سەدان کەس دەکوژران و بریندار دەبوون، زۆرینەشیان هاوڵاتیی سڤیل و ژن و منداڵ بوون.
ئەم دۆخە تا ٢٠١١ بەردەوام بوو، تا ئەوکاتەی ئەمریکا بڕیاریدا هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە، کەچی لەبری ئارامبوونەوەی دۆخەکە، رۆژ بە رۆژ زیاتر و زیاتر دۆخەکە تێکدەچوو، هەبوونی میلیشیایەکی زۆر کە سەر بە ئێران بوون و سیاسەتی ئەو وڵاتەیان لەناو عێراق پەیڕەو دەکرد، دۆخەکەیان بەتەواوی قۆستەوە و دەستیان کرد بە کوشتوبڕی خەڵک و تاڵانکردنیان، بەتایبەت عەرەبی سوننە و کورد! ساڵ هات و رۆیشت یەک لەدوای یەک ئەوانەی بوونە سەرۆک وەزیرانی عێراق و هەموو دەسەڵاتێکیان لەژێر دەستدا بوو، بوونە پیاوی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانەکانی ئێران، دزینی پارە و گەندەڵیی و تاڵانکردنی سامانی ئەم وڵاتە و ئاودیوکردنیان بۆ تاران و دروستکردنی چەندین بانک بۆ سپیکردنەوەی پارە بووە پیشەیان.
دواتریش و لە ساڵی ٢٠١٤، چەند رۆژێک دوای کەوتنی موسڵ بە دەستی داعش، ئەوکات عەلی سیستانیی مەرجەعی باڵای شیعەکانی عێراق( داردەستەکەی ئێران!) فەتوای جیهادی دەرکرد دژ بە داعش و لە ماوەیەکی کەمدا دەیان هەزار کەس کۆبوونەوە و پڕچەک کران بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش، ئەو ئامانجەشی لەپێناویدا دروست بوو لە چوار ساڵی یەکەمیدا توانی جێبەجێی بکات، کە بریتی بوو لە تێکشکاندنی داعش و رزگارکردنی ئەو ناوچە جوگرافییانەی بەهۆی لاوازی سوپای عێراقییەوە کۆنترۆڵی کردبوون.
بەپێی بانگەوازەکەی عەلی سیستانی، دەبوو دوای نەمانی مەترسییەکانی داعش حەشدی شەعبی کۆتایی بە ئەرکەکانی بهێنێت، بەڵام دوای نەمانی مەترسییەکانی داعشیش هێشتا حەشدی شەعبی لە گەورەبوون و فراوانبوونێکی ناسروشتی و پلان بۆدارێژراودایە. ئێستا نەک خاوەنی هێزێکی سەربازی گەورەو پڕ چەکی هاوچەرخە، بەڵکو لە چەندین ئاستی سیاسی و ئابوری و رێکخراوەیی و میدیاییەوە توانیویەتی هەژموونی خۆی لە چەندین کایەی جیاوازی حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی عێراقیدا بسەپێنێت، بەشێوەیەک ئێستا وەکو سێبەری حکومەتی عێراقی تواناو دەسەڵاتی راپەڕاندنی هەیە، تەنانەت تا ئەو رادەیە دەرۆن کە “ئێستا حکومەتی عێراقی روخسارێکی فەرمیی حەشدی شەعبییە بۆ جێبەجێکردنی کۆمەڵێک سیاسەتی نافەرمی گروپە چەکدارییەکانی نێو حەشدی شەعبی”.
ئەم حەشدی شەعبیەی کە بەحساب بۆ تێکشکاندنی داعش دروستکرا لە ٧٠ دەستە و تاقم پێکدێن و ژمارەیان نزیکەی ٢٥٠ هەزار کەسە! لەناویشیاندا گروپێکی دیکە هەن کە پێیان دەڵێن وەلائییەکان، کە بەو گروپانەی نێو حەشدی شەعبی دەوترێت زیاتر وەلائیان بۆ فەیلەقی قودسی ئێرانی هەیە و بەیعەتییان بە عەلی خامەنەئی رێبەری شۆرشی ئیسلامی ئێران داوە، واتە راستەوخۆ فەرمان لە ئێرانەوە وەردەگرن نەک حکومەتی عێراقی!
هەر ئەم حەشدی شەعبییە لە عێراقەوە و بەناوی جیهادەوە موشەکیان ئاڕاستەی ئیسرائیل دەکرد! خۆ ئەگەر ئەمریکا رێگریی نەکردایە ئێستا عێراقیش وەک سوریا و لوبنان و یەمەن ببوە ئامانجی فڕۆکە و موشەکەکانی ئیسرائیل! حکومەتە کارتۆنیەکەی عێراقیش لەبری دانانی سنوورێک بۆیان، کەچی ویستی بە یاسا بیانکات بە هێزێکی سەر بە حکومەتی عێراق! ئەمجارەش ماڵی ئەمریکا ئاوا بێت کە بە فشارەکانی نەیهێشت ئەو کارە سەربگرێت. ئەگینا ئێستا وەک گورگی برسی بەردەبوونە گیانی هەموومان و بەتایبەت کورد، وەک چۆن لە ١٦ی ئۆکتۆبەر پەلاماری کەرکوکیان دا و بە دەبابەکانیان بەسەر لاشەی هاوڵاتیاندا دەڕۆیشتن و سوکایەتییان بە سەرجەم موقەدەساتەکانی کورد دەکرد.
دوای ٢١ ساڵ لە رووخاندنی رژێمەکەی سەدام، خەڵک وای لێهاتووە ئاواتی پێبخوازێت، چونکە ئێستا کەس لەم عێراقەدا خاوەنی گیان و سەر و ماڵی خۆی نییە! هەر رۆژێک ئارەزوو بکەن، چەند کەسێکی گروپێکی میلیشا دەنێرنە سەرت و بە چەند فیشەکێک دەتکوژن و سەروەت و سامان و خێزانەکەشت خۆمان خۆش!