وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق رایگه‌یاند كه هه‌رێمی كوردستان نزیكه له‌وه‌ی نه‌وت راده‌ستی حكومه‌تی ناوه‌ندی بكات.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه عه‌بدولزه‌هره هینداوی وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق بۆ رووداو وتی: “هه‌رێمی كوردستان نزیكه له‌وه‌ی نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای به بازاڕكردنی نه‌وتی عێراق (سۆمۆ) بكات”.
وتیشی: “پێشكه‌وتنی گه‌وره له دۆسێی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم به‌دیهاتووه و هه‌ندێك پرسی ته‌كنیكی كه‌م ماون چاره‌سه‌ر بكرێن”.
وته‌بێژی وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه “كاتی ئه‌وه هاتووه عێراق و هه‌رێمی كوردستان بگه‌نه رێككه‌وتن”.
راشیگه‌یاند كه “مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان دواكه‌وتووه و پێویسته هه‌ردوولا بگه‌نه رێككه‌وتن”.
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ 19ی ئابه، به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان مووچه‌ی مانگه‌كانی حوزه‌یران و ته‌مووزی رابردوویان وه‌رنه‌گرتووه و له دۆخێكی سه‌ختی داراییدان.