لەبەیاننامەی هاوبەشیدا پێنج حیزب و لایەنی سیاسی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی لەڕۆژی پێنج شەممە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند.
ئەو ڕاگەیەندراوە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی خۆپیشاندان لەقەسری شیرین و سەقزو چەند ناوچەی دیکەی ئیلام و کرماشان و لوڕستان.
چاوەڕێدەکرێت ڕۆژانی داهاتوو ناوچەکانی سنە و موکریان بەشداری خۆپیشاندانەکان بکەن و هێزێکی زۆریش لەگەڵ بانگەوازی خۆپیشاندان لەشاری جوانڕۆ بڵاوەی پێکراوە.
دەقی بەیاننامەکە:
نەتەوەی سەربەرزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛
نەتەوە خاک داگیرکراوە غەیرە فارسەکانی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران؛
بیر و ڕای گشتیی جیهانی ؛
ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆڤ دۆستە نێونەتەوەییەکان:
ئێمە وەک پێنج لایەنی سەربەخۆییخوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان: ” پارتی سەربەخۆیی کوردستان، پارتی سەربەستیی کوردستان، ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد، یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان و بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان” ئەم ڕووداوانەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناو جوغڕافیای دەستکردی ئێران نەک وەک ناڕەزایەتییەکی کاتی، بەڵکوو نیشانەیەکە لە تێکڕمانی دیکتاتۆری و ڕووخانی ئەو پێکهاتە سیاسی، ئابووری و جوگڕافیایەی ئێران کە لە سەر بنەمای داگیرکاری و لە سەر خاک و خوێنی نەتەوە غەیرە فارسەکان بنیاتیان ناوە.
هەر وەک پێشتریش ڕامانگەیاندبوو ، نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەمیشە بە وریایی و بە پشتبەستن بە هەلومەرجی مەیدانی و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانیان، بڕیاریان داوە و هەنگاویان هەڵگرتووە. هەر بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین کە وەک هەمیشە بە چاوکراوەیی و وریاییەوە خۆیان ڕێکبخەن و لە ئامادەیی تەواو دابن بۆ ڕێکخستن و پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵگای کوردستان و … ، لە هەمان کاتدا بە جددی بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکان بکەن بە شێوەیەک کە بە کەمترین تێچوو، زۆرترین دەستکەوتمان هەبێ و تەنیا کاتێک هەنگاو باوێین کە لە قازانج و بەرژەوەندیی نەتەوەکەمان دابێ.
ئەوەی کات و شێوەی هەر هەنگاوێک دیاری دەکا، تەنیا ویست و داخوازی، خواست و ئیرادە و بڕیاڕی خەڵکی کوردستانە…
لە ئێستا دا کە شێرەژنان و پیاوانی بوێری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەلەکشایی و ئیلام و لوڕستان و کرماشانی پایتەختەوە ڕژاونەتە سەر شەقام و بەرانبەر بە سەرکەوتی داگیرکەری ئێرانی وەستاونەوە، ئێمە ئەو هەستان و ڕاپەڕینە بە نیشانەی ئیرادەی نەتەوەییمان دەزانین و بە هەموو توانامانەوە پشتیوانی و پشتگیری لێدەکەین؛پشتگیرییەک لە سەر بنەمای دیسیپلینی نەتەوەیی و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و پارێزگاری و پاراستنی گیانی هاونیشتمانیانمان دامەزراوە.
ڕاستییەکی تاڵ و حاشاهەڵنەگرە کە لەم ڕۆژانە دا ماشێنی سەرکوتی ڕژیمی داگیرکەر لە کوردستان، توندوتیژ و بێبەزەییانەتر مامەڵە لە گەڵ ناڕازیان دەکا و لە ئەنجامدانی هیچ تاوان و جینایەتێک بەرانبەر بە خۆپێشاندەرانی زاگرۆس “کوردستان” خۆی نابوێرێ، بۆیە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ڕاپەڕینی سەراسەری لە جوگرافیای ناسراو بە ئێراندا، خەڵکێکی زۆریان لە نەتەوەکەی ئێمە شەهید و بریندار کردووە، لە لایەن ڕژیمەوە ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە مەلەکشایی و ئیلام و ناوچەکانی تر دەدرێنە بەر ڕەگباری گوللە و ئاگر، لە حاڵێکدا لە تاران و شارە فارس نشینەکان، سەرکوتەکە بەم چەشنە توندوتیژ نییە و ئەم جیاوازییە بەڕێکەوت نییە؛ بەڵکوو بەرهەمی ڕوانگەیەکی کۆلۆنیالیزمە کە “پەراوێز و نەتەوە خاک داگیرکراوەکان” وەک مەیدانی تاقیکردنەوە بۆ توندوتیژی دەبینێت و هەوڵدەدات ، بە کوشتنی ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد، باقی نەتەوەکانی تر چاوترسێن بکات.
بۆیە لەم ساتە چارەنووسسازەدا، وتار و داواکاریی ئێمە تەنیا لە کوردستاندا سنووردار نییە. داوا لە گەلانی غەیرە فارس – بەلووچ، ئازەری، عەرەب، تورکمان، کاسپی، و هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی ناو جوگرافیای ساختە و دەستکردی “ئێران” دەکەین – بە ڕوونی، ئاشکرا و ڕاستەوخۆ داواکارییە نەتەوەیی و سیاسیەکانیان ڕابگەیەنن و هاوکات و هاوئاهەنگ لە ڕێگەی کردەوەی مەیدانیی ڕێکخراو و مانگرتن و … مەیدانەکە فراوانتر بکەن بۆ ئەوەی بارگرانیی سەرکوت بە تەنیا نەکەوێتە سەر شانی یەک نەتەوە.
ئەم بانگەوازە بانگەوازێک نییە بۆ توندوتیژی؛ بانگەوازێکە بۆ یەکخستنی بەرخۆدانی مەدەنی و نەتەوەیی و هاوبەشکردنی بەرپرسیارێتی و تێچوو و هەزینەکانە، بۆ ئەوەی ماشێنی تاوان و جینایەتی رژیمی ئێرانی نەتوانێ بە تەنیا کوردستان بکاتە ئامانج و دواتر بە خەیاڵێکی ئارامەوە بگەڕێتەوە بۆ دووبارە بەرهەمهێنانەوەی هەژموونیی خۆی بە سەر هەموو نەتەوە خاک داگیرکراوەکانی تر دا .
ئەزمونی شۆڕشی ژینا لەبیر ناکەین: کوردستان و بەلووچستان زۆرترین نرخ و قوربانی و شەهیدیان دا و ناوەندی ئێران و فارسستان بە کەمترین تێچوو پاشەکشەی کرد،ئەمجارە نابێ تاکە قوربانی نەتەوەی کورد بێ، هاوپشتیی ڕاستەقینە واتە بەشداریی بەربڵاو و هاوکاتی هەموو نەتەوە غەیرە فارسە خاک داگیرکراوەکان، واتە “یەک کات، یەک مەیدان”، بۆ ئەوەی خوێنی کوردستان نەبێتە ئامرازێک بۆ موزایەدەی سیاسی و تێچووی شۆڕشەکە بە شێوەیەکی تاک لایەنە قورسایی نەکاتە سەر شانی نەتەوەی کورد.
هەروەها وەبیرتان دێنینەوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان و دەوروبەری دەگوزەرێ، دابڕاو لە مێژوو نییە.
یادەوەریی مێژوویی لوڕستان وەک بەڵگەیەکی مێژوویی پێمان دەڵێ: لوڕستان لە سەدەمی ڕزاخانی پەهلەویش دا تەسلیمی پڕۆژەی ناوەندگەرایی پەهلەوی و داگیرکاریی ڕەزاخان نەبوو ، هەر بۆیە لەو سەردەمیش دا کەوتە بەرشاڵاوی سەرکوت و کوشت و کوشتار و بوردومانی بێبەزەییانەی داگیرکەری ئێرانی، ئەمڕۆش هەمان داگیرکەرە و تەنیا لە ڕەنگ و ڕوخسار دا گۆراوە نە لە ماهیەت و بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی دا.
لەو جوگرافیایەی زاگرۆس و کوردستاندا، ناوەکانی وەک قەدەم خێری قەڵاوەند و بیبی مریەمی بەختیاری، شێرعەلی مەردان،داودخانی کەلهوڕ، سمایل ئاغای سمکۆ، پێشەوا قازی محەممەد و کەسایەتییەکانی دیکەی بەرخۆدانی کوردستان، وەبیرهێنەرەوەی ڕاستیەکەن: ئازادی و سەربەخۆیی بە هۆشیاری و ڕێکخستن و بەردەوامیی شۆڕش مسۆگەر دەبێ، ئێمەی خەڵکی ئیلام،چوارمەحاڵ،لوڕستان،کرماشان، سنە، ئورمیە و هەمەدان و زاگرۆس بە گشتی، میراتگری هەمان نەریتی ئازادین؛ کەواتە بە شێوەیەکی وریا و ڕێک و پێک، مەدەنی و مەیدانی هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی ماشێنی سەرکوت نەتوانێت بە ترس و خوێن کۆمەڵگا ماندوو بکات و بڵاوەی پێ بکات.
لەم چوارچێوەیەدا و بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی ئێستا، داوا لە نەتەوەی کورد لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان”مەڵبەندەکانی ئەردەڵان،ورمێ،موکریان و …” دەکەین، ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی بەفرانبار ، بە ئەنجامدانی مانگرتنی سەرتاسەری یەکگرتوویی نەتەوەی کورد لەو ناڕەزایەتیانە دا نیشان بدەن وپێوەست بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی خوارووی کوردستانەوە”ئیلام،لورستان،کرماشان،چوارمەحاڵ و …” بن و مانگرتنێکی ڕێکخراو و بەربڵاو لە بازاڕ، شوێنی کار، زانکۆ، قوتابخانە و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بە گشتی بەڕێوە بەرن.
ئەم مانگرتنە دەبێ پەیامێکی ڕوون و ئاشکرای هەبێ: کوردستان کۆلۆنی کۆلۆنیالیزمی ئێرانە و نەتەوەی کورد بە ئیرادەیەکی نەتەوەییەوە لە پێناوی گەیشتن بە سەروەریی سیاسی، سەربەخۆیی وڵات، کەرامەت و ئازادی و مافی چارەی خۆنووسیندا خەبات دەکات.
داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ و ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکەین، کە بە تەنیا “بینەر و تەماشاکەر” نەبن و هاواری نەتەوە خاکە داگیرکراوەکان ببیستن، چونکە ماشێنی سەرکوتکردن لەو ناوچانە – بەتایبەتی لە کوردستان کە لەژێر داگیرکاری ئێران دایە” – بێباکانەتر مامەڵە دەکا و خەڵک دەکووژێ.
جیهان دەبێ تێچووی سیاسی و یاسایی تاوانەکە بەسەر تاوانباران و فەرماندەکانی سەرکوتکردندا بسەپێنێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا لە ئارا دایە، بەربەرەکانی و شەڕی نەتەوەی کورد لە گەڵ قەیرانێکی کاتی نییە؛ بەربەرەکانی و شەڕە دژ بە داگیرکاری و کلۆنیالیزمی ئێرانی.
نەتەوەی کورد بە ئیرادەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی بۆ دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی هەستاوە؛ مافێک کە تەنها بە سەربەخۆیی و سەروەریی سیاسی و دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەیی کوردستان مانای هەیە. لەسەر ئەم ڕێبازە، یەکگرتوویی ناوخۆی کوردستان، لێکنزیکبوونەوەی نەتەوە غەیرە فارسەکان و کردەوەی هاوئاهەنگ و پێکەوەیی، بناغەکانی سەرکەوتنن.
سەردەکەوێ خەباتی نەتەوایەتیی نەتەوەی کورد بۆ ئازادی و سەربەخۆیی
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
پارتی سەربەستیی کوردستان
ڕێکخراوی یارسانیی یاری کورد
یەکێتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان
بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان
١٦ی بەفرانباری ٢٧٢٥ی کوردی
٦ی ژانویەی ٢٠٢٦ی زایینی
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
