خوێندراوەتەوە: (8.3K)

پەرلەمانی عێراق داوا لە پەرلەمانتاران دەکات جارێکی دیکە دەنگ بە رێککەوتننامەی خور عەبدوڵڵا بدەنەوە و رایگەیاند، پێویستە دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران پەسندی بکەن.

پەرلەمانی عێراق راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەوە بڵاوکردەوە، گوایە ژمارەیەک پەرلەمانتار داوایان کردووە، دانیشتنێکی نائاسایی بۆ تێپەڕاندنی یاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی رێکخستنی کەشتیوانی لە خور عەبدوڵڵا بکرێت و دەڵێت، “ئەو پەیجانە هەڵمەتێکی ئاشکرا بۆ زیانگەیاندن بە پەرلەمان و گومان خستنە سەر پەرلەمانتاران بەڕێوەدەبەن.”

رێککەوتننامەکە تایبەتە بە رێکخستنی کەشتیوانی لە خور عەبدوڵڵا لەگەڵ کوێت، کە ساڵی 2013 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسند کرا، بەڵام لە ساڵی 2023 دادگەی باڵای فیدراڵی رێککەوتننامەکەی رەتکردەوە و بە نادەستووریی دانا.

پەرلەمان لە راگەیێندراوەکەیدا هۆکاری نادەستووریبوونی رێککەوتننامەکەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە، کە پەسندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی ئەندامان نەبووە.

بۆیە، پێویستە پەرلەمان دووبارە دەنگدان لەسەر یاساکە بکاتەوە، لە دانیشتنێکدا کە رێژەی یاسایی تەواو بێت و ئامادەبووانی لە دوو لەسەر سێی ئەندامان کەمتر نەبێت، هەروەها دەبێت یاساکە رەزامەندیی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتارانیش بەدەستبهێنێت.

رۆژی هەینی 12ی تەممووزی 2024 موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق،  راگەیاند، “بەگوێرەی یاسای پەسندکردنی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، ئەو پرسانەی پەیوەستن بە دیاریکردنی سنوورەوە، پێویستیان بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانە بۆ ئەوەی پەسند بکرێن و وا شرۆڤە کراوە کە رێککەوتننامەی خور عەبدوڵڵاش هەمان رێژەی دەنگی پێویستە.”

موسەننا ئەمین روونیکردەوە، بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی، رێککەوتننامەکە ئێستا کاری پێناکرێت و جێبەجێ ناکرێت.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “پەرلەمان سوورە لەسەر یەکلاکردنەوەی بابەتی دەنگدان لەسەر یاساکە و داخستنی ئەم دۆسیەیە، جا بە پەسندکردن بێت یان رەتکردنەوە.”

رۆژی 8ی تەممووزی 2024 هەرسێ سەرۆکایەتیی کۆمار، حکومەت و پەرلەمان کۆبوونەوە و بڕیاریان دا پەرلەمان رێکارە یاساییەکان بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەى ئەو رێککەوتننامەیە بگرێتەبەر. هاوکات سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیرانیش سکاڵاکانیان لە دادگەی فیدراڵی بکشێننەوە، کە پێشتر بۆ پاشگەزبوونەوەی دادگە لە بڕیارەکەی تۆماریان کردبوو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 64 Today: 2,507 📊 Click Here