كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، پەیامی پشتگری ئاڕاستەی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەن و و دەڵێن،”
كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، لەڕاگەیەندراوێكدا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانیی هێزەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران،پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوی هێزەکانی ڕۆژهەڵات کە بە تێڕادیوی و هەست بەبەرپرسیارەتی و دڵسۆزی ئێوەی بەڕێز وەک نوێنەرانی بڕواپێکراوی گەلەکەمان لەئاست داهاتوی کوردستان هاتوەتە ئاراوە، وڵامێکی گونجاوە بۆ گەلی ڕۆژهەڵات بە تایبەت و بۆ کورد بە گشتی.
دەشڵێن،” ئێمە وەك كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕانسە، لەگەڵ هیوا و ئاواتمان بە داهاتوی ڕونتر لەسێبەری ئەو یەکگرتنەدا، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەكەین و پشتیوانی و هاودەنگیی خۆمان لەسیاسەتی هاوبەشی ئەو هێزانە دەردەبڕین و دڵنیاین کە ئەو هەنگاوە بەنرخە، دەبێتە هەوێنی هیوا و ورەی پتری گەلەکەمان لەناوخۆ و لەدەرەوەی وڵات و وەک مەشغەڵی هاوسۆزی و پێکەوە بوونی هەموو لایەنەکانی مافخواز بۆ گەیشتن بە ئازادی و ڕزگاریی نەتەوەیی سەرکەوتوو دەبێت.
كۆڕی كوردەكانی دانیشتوی فەڕەنسا، خەبانی هێزە سیاسیەكانییان بەسێ جەمسەر نیشانداوە:…
١- خەبات و تێکۆشانی بەردەوامی هێز و ڕێکخراوە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات کە پتر لە باشوور نیشتەجێن و سەرەڕای گوشاری هەمەلایەنەی نیزامی، ئابووری و ئەمنیەتی کە هەتا ئەمڕۆکە لە سەریان بووە، لێبڕاوانە پێداگر بوون لە خەبات بۆ ئازادی و مافخوازیی گەلەکەمان.
٢- ڕاپەڕینەکانی گەلی خۆڕاگرمان لە نێوخۆی وڵات کە بەتایبەت لە شۆڕشی ژینادا بە لووتکەی سەرکەوتن و سەربەرزی گەیشت.
داهاتووی خۆبەڕێوەبەریی ڕۆژهەڵات لە هەر شێوازێکدا، بە بێ هاوبیری و هاوکاریی كۆمەڵگای مەدەنی نێوخۆ سەرکەوتوو نابێت.
ئەوەیش پێویستی بە پلان و پڕۆژەی لەپێش داڕێژراو هەیە کە بە دوور لە هەر چەشنە پاوانخوازییەكی حیزبی، ڕێکخراوەیی و ئیدیۆلۆژیک، داهاتوویێکی ئازاد و دێمۆکڕاتێک مسۆگەر بکات.
٣- لایەنی سێهەم هاووڵاتیانی کوردی دیاسپۆران کە هەموو كات و بە تایبەت بە پەرەساندنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئەوپەڕی چالاکی و هەڵسووڕاوی و لەخۆبوردوویییان نیشان داوە.
ئەم لایەنانە کە بریتین لە کۆڕوکۆمەڵە مەدەنی، سیاسی، کومەڵایەتی، مافی مرۆڤ و کەسایەتیەکان، لێهاتوانە بۆ لە قاودانی جینایەتەكانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران و بۆ پشتگری لە هێزە سیاسییەکان و خەباتی مەدەنی نێوخۆ، بێ وچان و ماندوونەناسانە تێکۆشاون.
لەكۆتایی ڕاگەیەندراوەكەشدا جەخت دەكەنەوە، کەپێویستە گرینگیی تایبەت بەهاوبیری و هاودەنگیی سێ لایەنی نێوبراو بدرێت کە شێلگیرانە و بۆ یەک ئامانج لەگۆڕەپانی تێكۆشان و خەبات دا ئامادەن : دێمۆکڕاسی، ئازادی و ڕزگاری گەلەكەمان .
بە لەبەرچاو گرتنی بەشێك لە ڕاگەیاندنی بەیانیەی ژمارە ١ی هاوپەیمانیی بۆ هاوكاری لەگەڵ كۆڕ و كۆمەڵە مەدەنییەكان، کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە، لە گەڵ دووپاتکردنەوەی پشتیوانی لە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، ئامادەیی خۆی بۆ هەرچەشنە پشتگری و هاوکاریێک دەردەبڕێت کە لە خزمەت یەکگرتوویی، یەکسانیخوازیی کۆمەڵ و بەرژەوەندیی گەلەکەماندایە.
دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.
