خوێندراوەتەوە: (46)

تیمی كوردستانی عێراقی CPT لەنوێترین ڕاپۆرتیدا مەترسیەك لەسەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جموجۆڵە سەربازییەكانی توركيا لەهەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات و بەئاشتی سارد ناوی دەبات و دەڵێت، ئاگربەستێک بەبێ وەستاندنی لەشکرکێشی و جموجۆڵی سەربازی.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا باس لەوەكراوە، كەلە مانگی ئەیلولدا، سوپای تورکیا هیچ هێرش و بۆردومانێکی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامنەداوە، ئەمەش یەکەم جارە لەدوای ساڵی (2015)ەوە مانگێک بەبێ هێرش و بۆردومانی سوپای تورکیا تێپەڕێت.
ئەوەش دەخاتەڕوو، سەرباری وەستاندنی تەواوەتی هێرش و پێکدادانە چەکدارییەکانی سوپای تورکیاو پەکەکە، هەردولا بەردەوامن لەفراوانکردنی پێگەی سەربازی، لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری.

ڕاپۆرتەكە ئەوە ئاشكرادەكات، كە سوپای تورکیا هێرشەکانی بەتەواوەتی ڕاگرتوە، بەڵام بەردەوامە لەبنیاتنانی بارەگای سەربازی نوێ لەسەر چیای مەتینا، دروستکردنی ڕێگای سەربازی لەنێوان بنکە و بارەگاکانی لەناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین لەسنوری قەزای ئامێدی و وێرانکردنی دارستان و بڕینەوەی دارەکانی ناوچەی زاپ و گواستنەوەیان بۆ ناو تورکیا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، لەبەرامبەردا، گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرباری دەستبەرنەدان لەچەک، سەرقاڵی دروستکردنی تونێل و ڕێڕەوی ژێرزەمینین لەناوچەکانی گارا، قەندیل و ئاسۆس.

بەپشتبەستن بەئاماری ڕاپۆرتەكە، لە (1)ی ئادار تاوەکو (30)ی حوزەیران، سوپای تورکیا، (1390) هێرش و بۆردومانی بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدابوو. ئەمە لەکاتێکدا، لە (1)ی تەموزەوە تاوەکو (30)ی ئەیلول، سوپای تورکیا تەنیا (34) هێرش و بۆردومانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.

سەبارەت بەگەڕانەوەی دانیشتوانی ئەو گوندانەش كەچۆڵكراون، ئەوە باسكراوە، گوندنشینانی گوندەکانی (بەری گارێ) نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانی خۆیان، گوندنشینانی دەڤەری نهێلێش، تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ڕەز و باخ و کێڵگە کشتوکاڵییەکانیان.

لەمانگی ئابدا، کاتێک گوندنشینانی گوندی (گوهەرزێ) لەدەڤەری نهێلێ ویستیان بچنەوە سەر ڕەز و باخەکانیان، بۆ ماوەی زیاتر لە کاتژمێرێک لەلایەن سەربازانی تورکیاوە دەستبەسەرکران.

لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەدا ئەوەش هاتوە، لەمانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوەوە تاوەکو ئێستا، سوپای تورکیا زیاتر لە (50) خانوی هاوڵاتییانی مەدەنی لە گوندەکانی (بەری گارێ) بە تەواوەتی خاپور و وێران کردوە.

هاوكات، جیاواز لەجارەکانی ڕابردوو، لە ئێستادا سوپای تورکیا نەک هەر ڕێگا لە نێوان بارەگا سەربازییەکانی لەناو خاکی هەرێمدا دروستدەکات، بەڵکو لەبارەگا سەربازییەکانەوە ڕێگا دەباتە ناو گوندە ئاوەدانەکان.

لەكۆتایی ڕاپۆرتەكەشدا ئەو مەترسیە باسكراوە، كە پڕۆسەی ئاشتی بوەتە مایەی ڕاگرتنی تەواوەتی بۆردومان و هێرش و پێکدادانی چەکداری، بەڵام لەشکرکێشی و جموجۆڵی چەکداری و فراوانکردنی هەژمونی سەربازی هەردولا، بوەتە هۆی لاوازبونی پڕۆسەکەو هەستیار بونی دۆخەکە.

دهستپێخهرییهكی تری كاری رۆژنامهگهری ئههلیو ئازاده،
بهههوڵو تێكۆشانی كۆمهڵێك میدیاكاری سهربهخۆ هێنراوهته ئاراوه،
ئهركو ئامانجی وهك ههر كارێكی تری رۆژنامهوانی ئازادی ئهلهكترۆنی،
گهیاندنی ههواڵو زانیارییه بهخوێنهرانی بهشێوهیهكی خێراو گونجاو.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 60 Today: 121 📊 Click Here