ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی نوڤوستی ڕەخنەی لە ڕۆژئاوا گرت بۆ پشتگوێخستنی كوژرانی ژمارەیەك قوتابی لەكاتی بۆردومانكردنی قوتابخانەكەیان لە باشووری ئێران. وتیشی: كوژرانی ئەو قوتابیە ئێرانیانە زۆر تۆقێنەرە و ترسناكی دۆخەكە تەنیا بریتی نییە لە سروشتی دەستدرێژییەكە، بەڵكو لە ژمارەی زۆری قوربانیەكان لەیەكەم ڕۆژی هێرشەكەدا لەگەڵ نەبوونی وەڵامدانەوەی گونجاوی ئەوانەی بانگەشەی ئەوەدەكەن بەرگریكاری بەها مرۆییەكانن. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا باسی لەوەكرد گوتاری زاڵ لە ڕۆژئاوا دوژمنكارانەیە لەبری دەربڕینی هاوسۆزی و هاوخەمی بۆ قوربانیان و كەسوكاریان، ئاماژەی بەوەكرد بەتەنیا یەك وشە هاوسۆزی بۆ كەسوكاری قوربانیەكان دەرنەبڕاوە و ئەوەش شتێكی ترسناكە. یەكشەممەی ڕابردوو قوتابخانەیەكی سەرەتایی كچان لە شاری میناب لە باشووری ئێران بۆردومانكرا و بەو هۆیەوە 171 قوتابی و 14 مامۆستا و كارمەندی قوتابخانەكە كوژران و ژمارەیەكی تریش برینداربوون.
