شەپۆلێکی باران ناوچەکەی گرتووەتەوە و شارەزایانی کەشناسییش پێشبینی دەکەن جەژن و ڕۆژانی کۆتایی مانگی ئازار بە باران بەڕێ بکرێت. بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسان، ئەم شەپۆلە لە ئەنجامی نزمەپاڵەپەستۆیەکی قووڵی هەردوو دەریای سوور و ناوەڕاستەوە سەرچاوەی گرتووە. لە دوێنێوە کاریگەرییەکەی لە ناوچەکانی پارێزگای ئەنبار و رۆژئاوای عێراق دەستی پێکردووە و، پاشان لە پاشنیوەڕۆدا دوێنێیشەوە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری گرتەوە. هەروەها لە کاتی ئێوارەدا گەیشتە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و پێشبینی دەکرێت ئەمشەو لێزمەبارانی بەخوڕ، هەورە بروسکە و بای باشووری رۆژهەڵاتی بە خێرایی (١٥-٣٠ کم) لەگەڵ بێت. هاوکات بەپێی پێشبینی کەشناسان بۆ ئەمڕۆ هەینی کە هاوکاتە لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی ڕەمەزان، باران و تەرزە بەردەوام دەبێت و ئاستی ئاو بەرز دەبێتەوە؛ پلەکانی گەرماش ٥ بۆ ٦ پلە دادەبەزن و لە لوتکەی چیا بەرزەکان بەفر دەبارێت. پێشبینیش کراوە، کە بڕێکی زۆر باران لە هەر چوار پارچەی کوردستان، عێراق و وڵاتانی دەوروبەر ببارێت و لافاوی گەورە لە ناوچەکەدا دروست ببێت.
