پەری محەمەد
ئەگەر حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بە شێوەیەکی جدی رێککەوتنێکیان کردبێت، بێگومان لە قەیرانەوە دەگۆڕێت بۆ بوژانەوەی ئابوری بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی بابەتی مووچە بودجەی ساڵانە، ئەویش ئەگەر ڕێکەوتنەکە درێژخایەن بێت، کە ئەمەش وادەکات کاریگەری ڕاستەخۆ و باشی هەبێت لەسەر ئابووری هەرێم و عێراق بە گشتی.
هەروەها ئەو ڕێککەوتنەنانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای نێودەوڵەتیەکانی بواری نەوت هەیبووە کە زۆر جار دەگوترا لە زیانی هەرێمە، ئێستا دوای لێکگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەرهێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوتەکەی کە٢٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە دیاری کراوە، زیاتر لە ٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ و ١٢٠ ملیاری داهاتی نانەوتی هەرێم بگەڕیتەوە خەزێنەی فیدڕاڵی، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر گرنگی دەبێت لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ، وادەکات بەغدا لەو ئیحراجیەی بەردەم شەقامی عەرەبی ڕزگاری بێت، چونکە سێ مانگی داهاتوو لەبەردەم هەڵبژاردندان، سودانیش هەم قائیمەی خۆی هەیە هەمیش چاوی لە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقە،هەرێمی کوردستان بە هۆکاری ئەوەی جێگری کۆمپانیای سۆمۆی هەیە، لەو رێگەیەوە بتوانێت بە نەوتەکەی هەم پشکی موچەی هەرێم دابین بکات، هەم وەزارەتی نەوت و کۆمپانیای سۆمۆ ڕادەسپێردرێت کە نەوتی هەرێم لە بازاڕی جیهانی ولە ڕێگەی هەڵبژاردەیەکەوە بازاڕی بۆ پەیدا بکات و ژێرخان یان پەیوەندیەک لەگەڵ وڵاتان بۆ داهاتوو دروستبکات.خاڵی هەرە گرنگ ئەوەیە، رێککەوتنی ٥٠ ساڵەی درێژخایەن نامێنێت و هەرێم دەتوانێت بنچینەیەکی بەهێز تر دروست بکات بۆ بەرەوپێشبردنی سەرجەم سێکتەرەکان و لە بواری تەندروستی، خۆراک، خوێندن، ڕێگاوبان و بەرەوپێشبردنی پرۆژە گشتییەکان.پارەی سوتەمەنی و نەوت، بە ناوی “پترۆل دۆلار” هەروەها گەرانەوەی پارەی پارێزگاکان واتا لە هەموو حاڵەتێکدا پرۆژەکان و ئابووری هەرێمیش بەهێزتر دەکات و باشتر دەبوژێنەوە.ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکەدا ؟ئەمریکا هەردەم هەوڵیداوە هەولێر و بەغدا بگەنە رێککەوتنێکی درێژخایەنی تاڕادەیەکی زۆریش پشتیوانی هەرێمی کرد لە چارەسەری ئەم کێشەیەدا، تاکو لەمەودا کێشە لە نێوان هەردوولایەندا نەمێنێت، پاش هێرشە درۆنییەکان ئەمریکا بە ڕوونی چەند جارێک داوایان کرد کە ئارامی ناوچەکە بپارێزرێت لەم کاتەدا کێشەیان ناوێت، بەتایبەتی لەگەل کۆمپانیا ئەمریکایەکان لە هەرێم.دوای ئەم رێکەوتنە گرنگەی نێوان حکومەتی هەرێم و و حکومەتی فیدراڵ، بەتایبەتی لە بابەتی مووچە، نەوت و داهات، هەرێم پێویستە بە زووی پەرلەمان چالاک بکاتەوە کابینەی نوێ پێکبهێنێت، هەروەها پێویستە دۆخی سیاسی ئاسایی بکرێتەوە بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوولا و بۆ ئەوەی کورد نەک تەنیا لە هەرێم، بەڵکو لە هەموو ناوچەکانی کوردستان باشتر بتوانێت چارەسەر بۆ گرفتەکانی بدۆزێتەوە، ڕوونە هەرێم لەگەڵ بەغدا تەنها کێشەی مووچە و نەوتی نیە، بەتایبەت ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کە لەمەشدا پێویستە دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت، کە بەهۆی گۆڕانی دیمۆگرافیا و فشارە سیاسییەکان، خەڵکی ئەو ناوچانە لەترس و دڵە ڕاوکێ ڕزگاریان بێت .
