خوێندراوەتەوە: (2)

بارزان محمد ظاهر حجي



هەرێمی کوردستان، لە ئێستادا بە یەکێک لە تاریکترین و سەختترین قۆناغە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆیدا تێپەڕ دەبێت. نائارامییەکی قووڵ باڵی بەسەر دەروونی کۆمەڵگەدا کێشاوە، کە سەرچاوەکەی تەنها سیاسی نییە، بەڵکو پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە قووت و بژێوی ڕۆژانەی هاووڵاتیانەوە هەیە. لە نێوان ململانێی بەغدا و هەولێر، و گەندەڵی بێپایانی حزبە دەسەڵاتدارەکاندا، تەنها هاووڵاتییانی کوردستان باجە قورسەکە دەدەن و “هێزیان لێ بڕاوە”.

بەغدا و چەکی مووچە
حکومەتی فیدراڵ لە بەغدا، پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم وەک چەکێکی سیاسی بەکاردهێنێت. ئەوەی دەبینرێت تەنها کێشەیەکی تەکنیکی یان یاسایی نییە، بەڵکو هەوڵێکی مەبەستدارە بۆ لاوازکردنی قەوارەی سیاسی هەرێمی کوردستان و نیشاندانی وەک قەوارەیەکی شکستهێناو. بەغدا بە بڕینی بودجە و دواخستنی مووچە، دەیەوێت خەڵکی کوردستان بخاتە نێوان بژاردەی برسیبوون یان تەسلیمبوون بە ناوەندگەراییەکی توند، ئەمەش فشارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی گەورەی دروستکردووە کە ژیانی سیاسی لە هەرێمدا ئیفلیج کردووە.

گەندەڵی ناوخۆیی؛ خۆرەی جەستەی هەرێم
ناکرێت هەموو شکستهێنانەکانیش بخرێنە ملی بەغدا. ئەوەی دۆخەکەی گەیاندووەتە ئەم ئاستە مەترسیدارە، سیاسەتی چەند ساڵەی یەکێتی و پارتییە لە بەڕێوەبردنی سامانی وڵاتدا. گەندەڵی ڕێکخراو، قۆرخکاری بازاڕ، نادیاریی داهاتی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان، وایکردووە کە داهاتی ئەم وڵاتە لەبری ئەوەی لە خزمەتی خەڵکدا بێت، بچێتە خزمەتی بنەماڵە و گروپە بەرژەوەندخوازەکانەوە.
دوو حزبی دەسەڵاتدار لەبری ئەوەی یەکدەنگ بن بۆ بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵک، لە ململانێیەکی بەردەوامدان لەسەر پۆست و دەسەڵات، و لە هەمانکاتدا پێکەوە بەرپرسیارن لەو وێرانکارییەی کە بەسەر ژێرخانی ئابووری و متمانەی هاووڵاتییاندا هاتووە.

خەڵک؛ قوربانیی یەکەمی ئەم جەنگە ساردە
“بێ مووچەیی” تەنها وشەیەک نییە، بەڵکو چیرۆکی هەزاران باوکە کە ناتوانن نان بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، چیرۆکی گەنجانێکە کە هیوایان بە دواڕۆژ نەماوە و ڕێگەی کۆچ دەگرنە بەر. کاتێک دەسەڵاتی کوردی نەتوانێت سەرەتاییترین مافی مرۆڤ کە (مووچە و بژێوییە) دابین بکات، ئیتر دروشمە نەتەوەییەکان لای خەڵک مانا و بایەخی خۆیان لەدەستدەدەن. خەڵک گەیشتووەتە ئاستێک کە هەست دەکات لەلایەن حکومەتی خۆی و حکومەتی ناوەندیشەوە “پەراوێز خراوە”.

چی روودەدات؟ بەرەو کوێ؟!
کۆمەڵگەی کوردستان لە بەردەم تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتیدایە ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت. چاکسازیی ڕاستەقینە بە دروشم نابێت، بەڵکو بە بڕینی دەستی گەندەڵی و گەڕانەوەی داهاتەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەبێت. ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم شێوازە لە حوکمڕانی و ململانێ بەردەوام بن، و ئەگەر بەغداش بەردەوام بێت لە برسی کردنی خەڵک، ئەوا نەک هەر ژیانی سیاسی، بەڵکو کۆی سیستەمی کۆمەڵایەتی لە هەرێمی کوردستان بەرەو داڕمانێکی گەورە دەچێت، کە کەس لێی بەدەرنابێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 2,269 📊 Click Here