خوێندراوەتەوە: (15.5K)

ڕێباز عەلى

تەمەنی 50 ساڵیی، پێی دەگوترێت “قۆناغی زێڕین”، لەم قۆناغەدا مرۆڤ دەبێتە خاوەن ئەزموونێکی زۆر، بیرکردنەوەی بەهێز، تێگەیشتنی تەواو. خاڵی وەچەرخانی مرۆڤ لەڕووی تێگەیشتن و ئەزموونەوە لەو تەمەنە دەستپێدەکات. ‎مرۆڤ لەو تەمەنە، لە ڕابردوو و ئێستای خۆی تێدەگات و دەزانێت چۆن هەنگاو بۆ داهاتوو دەنێت، بەرژەوەندییەکانی خۆی و خانەوادە و دەورووبەر و تەنانەت دونیاش لێکدەداتەوە. ئەمە بۆ کەسێکی ئاسایی، بۆ کەسی سیاسی تەمەنی بەرهەمهێنانە، تەمەنی گەیشتنە بە لووتکەی دەسەڵات و بڕیار و کاریزما و حیکمەت و دیبلۆماسییەت.
‎تەمەنی یەکێتیی 51 ساڵە، تەمەنی سەرۆکەکەشی 52 ساڵە. بەو پێوەرەی سەرەوەبێت، دەبوایە حیزبێکی تۆکمە و سەرۆکێکی پڕ حیکمەت و لێزانیش و تێگەیشتوو و پێگەیشتووبوان. کەچی هەندێک هەڵسوکەوت و لێکدانەوە و بیرکردنەوەی سەرۆک و حیزبەکە وەک هەرزەکارێکە، کە نە ڕابردووی خۆی دەزانێت و نە ئێستا، نە بیر لە داهاتووی خۆی و دەورووبەریشی دەکاتەوە. وەک لاوێکی بێ پەروا، خۆویست و لوتبەرز ڕەفتار دەکات و بەرژەوەندییەکانی گەل و خاک و نیشتمانی بۆ گرینگ نییە.
‎ئەم ڕەفتارانەی ئەم دواییەی یەکێتیی، کاریگەریی زۆر خراپی لەسەر مێژووی سیاسی و ئازادیی و سەقامگیری کوردستان کردووە، بە دەبابە هێرشکردنە سەر هاوسەرۆکی پێشووتری حیزبەکەیان لە ناو جەرگەی شاری سلێمانی، تا دەگات بە تورەکە لەسەرکردن و ئەشکەنجەدانی ڕۆژنامەنووس و کادیری خۆیان لە پایتەخت.
‎یەکێتیی و سەرۆکەکەی تووشی کۆمەڵێک گرێی گەورە بوونە، با نموونەیەک بێنمەوە، تا جەلال تاڵەبانی مابوو، یەکێتیی سکرتێری گشتی هەبوو، چونکە یەکێتیی لە بنەڕەتدا حیزب نییە ڕێکخراوە، کە بافڵیش بە کودەتا دەسەڵاتی گرتە دەست، گرێی ناوی سەرۆکی بۆ دروست بوو. هاتن سکرتێری گشتییان گۆڕی بۆ سەرۆک، بەس بۆ ئەوەی وەک سەرۆک ناویان بێت. خۆ ئەگەر بەو پێوەرەی ئەوان بێت، سەرۆک داناش سەرۆکە ( ئەو گەنجە داماوەی خەڵکی ژاراوە کە لە هەندەرانە) کەچی دوای بوونیشی بە سەرۆکی یەکێتیی، سەرۆک بافل هەر لە ماڵی خۆی سەرۆکە.

‎یەکێتی کە لە دوایین هەڵبژاردن، ڕێژەی دەنگەکانی ١٠٪ی دەنگدەرانی هەرێم بوو، نازانێت یان نایەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەو واقعەدا بکات. بوون بە حیزبی دووەمی پێ هەزم ناکرێت، ‎ئەو زەمەنە تێپەڕی ئەگەر یەک کورسیش بێنن هەر شەریکن. ئەوە بۆ قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆ بوو، کە ئەوکات یەکێتی خاوەنی کۆمەڵێک سەرکردەی خاوەن ڕابردوو و بە ئەزموون بوو. بەڵام ئێستا ڕێکخراوێکە خاوەنی ١٠٪ی دەنگی کوردستانە. خاوەنی پڕۆژە و سیاسەتێکی ڕوون نییە، خاوەن سەرکردایەتییەکی تۆکمە و لێزان و واقع بین نییە. بۆیە بە خۆشی بێ بە ترشی بێ، دەبێ بێنە ژێر باری ئەنجامی هەڵبژاردن و ئەوەی پارتی وەک براوەی هەڵبژاردن پێیان دەبەخشێت بە سوپاسەوە وەریبگرن!

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 156 Today: 1,037 📊 Click Here